user preferences

Recent articles by و. هەژێن
This author has not submitted any other articles.
Recent Articles about International History of anarchism

Malatesta’s Revolutionary Anarchism in British Exile Feb 28 24 by Wayne Price

Ε. Ρεκλύ: Ένας π... Aug 20 23 by Αυτολεξεί

Σχόλια για τη&#... Dec 25 22 by Tom Wetzel

ڤۆلین، هەڵسوراوی شۆڕشێکی نەناسراو *

category international | history of anarchism | other libertarian press author Wednesday August 27, 2008 20:29author by و. هەژێنauthor email hezhean at gmail dot com Report this post to the editors

The Kurdish (Sorani) translation of Voline's biography

ڤۆلین، ڤسیڤۆلۆد میخایلۆڤیچ ئایشنباوم «Vsevolod Mikhailovich Eichenbaum» لە 11ی ئاوگوستی 1882دا لە ناوچەی ڤۆرۆنیژ «Voronezh» لە ڕوسیای گەورە لە دایكبووە. ئەوەندەی من بزانم تەنیا یەکێك لە نووسینەکانی، کە پەرتووکێکی گچکەی هۆنراوەکانی بوو بە زمانی ڕووسی لەژێر نێوی راستەقینەی خۆیدا بڵاوکراوەتەوە، چونکە هەموو نووسینەکان و ئەم بابەتەی بەردەستیشمان شۆڕشێکی نەناسراو «Unknown Revolution» و زۆر وتار و وتەی بە ناوی نهێنی «Voline» بڵاوبوونەتەوە. بۆیە زۆر ئاسانترە بەنێوی ڤۆلین «Voline» ناوە نهێنییەکەیەوە یادی بکەینەوە و لەبارەیەوە بدوێین. دایك و باوکی هەردووك پزیشکی دەرمانی بوون، لەباری ژیان ئەو توانایەی پێبەخشیبوون کە بتوانن مامۆستای زمانی فەرەنسی و ئاڵمانی بۆ مناڵەکانیان بگرن و بەم شێوەیە ڤسیڤۆلۆد «Vsevolod» و براکەی بۆریس Boris ئەو هەلەیان بۆ برەخسێت کە هەردوو زمانەکە لە سەرەتای لاوێتییاندا فێربن. ڤۆلین دەیتوانی بە هەردوو زمانی فەرەنسی و ئاڵمانی بەڕەوانی وەك زمانی ڕوسی کە زمانی دایکیی بوو هەم بدوێت و هەم بنووسێت. یەکەم خوێندنی گشتی خۆی لە کۆلێژێکی ناوچەی ڤۆرۆنیژ «Voronezh» دا بوو. پاش ئەوەی لەوێ خوێندنی تەواو کرد، نێردراوە بۆ خوێندنی مافناسی «jurisprudence» بۆ سانت پیتەرسبورگ «St. Petersburg» . بەلام گشت پلانەکانی بۆ ئامادەکاری ژیانی داهاتووی لە بارودۆخی ناجێگیر و پڕئاڵوگۆری ئەوکاتی ڕوسیەدا تێکچوون. ڤۆلین لە تەمەنی 19 ساڵیدا وەك خوێندکارێك بە بیری شۆڕشگێرانە ئاشنابوو. بەشێوەیەکی تایبەت خۆی بۆ کارکردن لە بزووتنەوەی کارگەری 1901دا تەرخانکرد.

لە ساڵی 1905دا کاتێك کە سەرهەڵدانی شۆڕشگێڕانەی شۆڕشگێکی گەورە سەراپای ئیمپراتۆری ڕوسیە گرتەوە، کە بەڕادەیەك فەرمانڕەوایی ڕۆمانۆڤ «Romanov»ی ڕوخاند، ئەو پیاوە لاوە کە لە ڤۆرۆنیژ«Voronezh»ەوە هاتبوو بە «پارتی سۆشیال شۆڕشگێڕ»ەوە پەیوەست بوو و ڕۆڵێکی چالاکانەی لەو راپەڕینەدا گێڕا، پاش سەرکوتی خوێناوی ڕاپەڕینەکە ئەویش لەگەڵ هەزارانی تر دەستگیرکرا. لە ساڵی 1907 دادگەی تزاری بۆ یەکێك لە دورخراوگە زۆر و زەبەدنەکانی تایبەت بە رامیارانی ڕوسیە دووری خستەوە. بەلام بەخت یاری بوو و توانی کەرەستەکانی دەربازبوون پەیدابکات و بەرەو فەرەنسە رابکات.

ڤۆلین لە فەرنسە هەلی گەورەی بۆ خوێندن و هەڵسەنگاندنی فێرگە جیاوازەکانی بزووتنەوەی سۆشیالیستی و ناسینی لایەنە جۆراوجۆرەکانی گرفتە کۆمەلایەتییەکانی بەگشتی بۆ ڕەخسا. پەیوەندی لەگەڵ ئازادیخوازە جۆراوجۆرەکان، لەوانە سێباستیان فۆرێ «Sebastian Faure » دەمراست و وتاربێژی ئەنارکیستەکانی فەرەنسە بەست، کە ڤۆلین ی لەگەڵ دەستەیەك لە ئەنارکیستەکانی ڕوسیە لە پاریس، ئا. ئا. کارێلین «A. A. Kareline »و گروپەکەی و ڕێکخراوە ڕوسیییەکانی تر لە دوورخراوگە ئاشناکرد.

ڤۆلین لەژێر کارایی ژینگە و دەوروبەرە تازەکەی، بەرە بەرە بۆچوونە رامیاری و کۆمەڵایەتییەکانی خۆی ڕاستکردەوە و سەرەنجام لە ساڵی 1911دا بەیەکجاری خۆی لە سۆشیال شۆڕشگێڕەکان دابڕی و بە بزووتنەوەی «ئەنارکیستی»یەوە پەیوەست بوو.

ساڵی 1913 کاتێك کە مەترسی کێشمەکێشی چەکدارانە و جەنگ باڵی بەسەر تەواوی ئەوروپادا کێشا، ئەو بووە ئەندامی کۆمیتەی نێونەتەوەیی دژی جەنگ. ئەم چالاکیانە سەروەرانی فەرەنسی هەراسانکرد و لە ساڵی 1915دا کاتێك کە بەرەکانی جەنگ سەراپای ئەوروپایان دەگرتەوە، میری ڤیڤیانی میلەرا «Viviani-Millerand» بڕیاری دا تاکۆتایی جەنگ بیخاتە ئوردوگەی دەستبەسەرکراوان. لەکاتی خۆیدا فریاکەوت و توانی بەیارمەتی هاوڕێ فەرەنسییەکانی بەرەو بۆردۆ « Bordeaux» رابکات. لەوێ وەك چاودێری هەمبار بە سواری کەشتییەکی باری بەرەو ئەمەریکا دەربازبوو.

ڤۆلین لە نیویۆرك بە « یەکێتی کارگەرانی ڕوس لە وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کانادا»وە پەیوەست بوو، ڕێکخراوێکی گەورە و فراوان کە نزیکەی 10،000 ئەندامی هەبوو و هاوبۆچوونی کۆنفیدراسیۆنی گشتی کارگەران «Confe'deration Ge'nerale du Travail» لە فەرەنسە لەوکاتەدا. بەمجۆرە وی مەیدانێکی گونجاوی بۆ هەڵسورانی خۆی دۆزییەوە. بەزوویی لە دەستەی نووسەرانی «Golos Truda» هەفتەنامەی دەنگی کارگەران ی فیدراسیۆن دا وەك یەکێك لە وتارنووسانی بە توانا دەستی بەکار کارکرد.

بەلام لە ساڵی 1917دا، کاتێك کە شۆڕش سەریهەڵدا، زۆرینەی دەستەی نووسەرانی دەنگی کارگەران «Golos Truda» بڕیاریاندا بەرەو ڕوسیە ئەمەریکا بەجێبهڵن و گۆڤارە خوڵییەکەیان بگوێزنەوە بۆ پێترۆگراد. لەگەڵ گەیشتنیان بەوێ، لەلایەن یەکێتی ڕاگەیاندنی ئانارکۆسەندیکالیستەکانەوە هاوکاریان کرا. بەمجۆرە کارکردن بۆ دەرکردن و بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەی دەنگی کارگەران لەسەر زەمینی روسیە ئاسان بوو. ڤۆلین بەو یەکێتییەوە پەیوەست بوو و دەستبەجێ وەك یەکێك لە نووسەرانی هەڵبژێردرا. لە مانگەکانی سەرەتادا رۆژنامەکە وەك هەفتانە دەردەچوو ، بەڵام پاش رووداوەکانی ئۆکتۆبەر و نۆڤەمبەری 1917 ڕۆژانە دەردەچوو.

لە سەردەمی میری بۆلشەڤیك لە مۆسکۆ، ڕێکەوتننامەی ئاشتی برێست - لیتۆڤسك «Brest-Litovsk» ڕوویدا کە تێیدا تەواوی ئۆکرانیا درایە دەست هێزەداگیرکەرەکانی ئاڵمان و نەمسا. لەبەر ئەم هۆیە ڤۆلین پێترۆگرادی بەجێهێشت و بەو هێزەوە، کە بەرەو ئۆکرانیا بۆ جەنگین دژی داگیرکەرە بیانییەکان و هاوکارە ڕووسەکانیان دەچوو، پەیوەست بوو. لەوێ ئەو هەلەی بۆ ڕەخسا کە بچێت بۆ بۆبرۆڤ «Bobrov» بۆ سەردانی خێزانەکەی کە لە ساڵی 1915ەوە، لەو کاتەوەی کە لە فەرەنسەوە بۆ ئەمەریکا ڕۆیشتبوو، نەیدیتبوون.

لە ماوەی ئەو هەیڤانەدا کە لە روسیا ئازادی لە ئارادا بوو، کاتێك کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی تر لەپاڵ ئارامی بۆلشەڤیکەکاندا بۆ راگەیاندنی بۆچوونەکانیان لە ڕێگەی بڵاوکراوە و کۆبونەوە ئاشکراکانیانەوە سوودیان لەو هەلە وەردەگرت، لەو کاتەدا ڤۆلین بە شێوەیەکی جێگیر و بەردەوام لە زۆر بواری جیاجیادا سەرقاڵی هەڵسوران بوو. لە بواری پەروەردەی گشتی سۆڤیەتی و هوشیارکردنەوەی خەڵکیدا بەشداریکرد، سەرەتا لە «Voronezh» و دواتر لە خارکۆڤ «Kharkov». لە پاییزی 1918دا لە پێکهێنانی فیدراسیۆنی ئانارکیستەکانی ئۆکرانیادا هاوکاری کرد، لە ماوەی چەند مانگێکدا ڕێکخراوەکە لەژێر نێوی زەنگ «Nabat»، کە ئەدەبیاتێکی فرەی بڵاوکردەوە. لەپاڵ ئۆرگانە سەرەکییەکەی لە کورسك «Kursk»، زەنگ ڕۆژنامەی هەرێمی لە زۆربەی ناوچەکانی ئۆکرانیادا لەژێر هەمان ناو «Nabat»دا هەبوو. ڤۆلین بوو بە ئەندامی دەستەی سکرتاری «Nabat» و دەستەی نووسەرانی گۆڤارە خولییەکەی. کۆنگرەی ڕێکخراوی ناوبراو لە کورسك «Kursk» ئەو بروابوونەیان پێبەخشی، کە کار لەسەر بنەماکانی راگەیاندنی چێکراو «Synthetical Declaration» بکات، ئەوەی کە دەبوو هەموو فێرگەکانی سۆشیالیزمی ئازادیخوازانە لە سەرتاسەری ڕوسیەدا پێی رازیبن و وایان لێبکات کە پێکەوە کار بکەن.

بەڵام نەخشە ئایەندەییەکانی «Nabat» تێکچوون، کاتێك کە لە بەهاری 1919دا میری سۆڤیەت دەستیکرد بە ڕێگری لە ئانارکیستەکان بە سەرکوتکردنی ڕۆژنامەکانیان و دەستگیرکردنی بە کۆمەڵی جەنگاوەرەکانیان. لەو کاتەدا بوو ڤۆلین بە لەشکری شۆڕشگێرانەی ماخنۆڤیستەکان «Makhnovist revolutionary movement» وە پەیوەست بوو. ماخنۆ لەو لەشکرەدا بەشێکی تایبەتی بۆ هوشیارکردنەوەی خەڵکی و ئامادەکردنیان بۆ سیستەمی کۆمەڵایەتی نوێ، کە لەسەر بنەمای خاوەندارێتی گشتی زەوی و خۆبەڕێوەبەرایەتی کۆمۆنەکان و هاوپشتی هەرەوەزییانە «federative» تەرخانکردبوو. ڤۆلین دەستبەجێ بوو بە لێپرسراوی ئەم بەشە و هەستا بەمکارە لە هێرشێکی سەراپاگیردا دژی دێنکین «Denikin».

لە دێسەمبەری 1919دا، شورای شۆڕشگێڕانەی سەربازی ئەوی نارد بۆ ناوچەی کریڤۆی ڕۆگ «Krivoi-Rog» بۆ وەستانەوە دژی پاگاندە مەترسیدارەکانی بەکرێگیراوانی هێتمان پێتلورا «Hetman Petlura»، لە ڕێگەدا تووشی گرانەتا«typhoid fever» دەبێ و ناچار لە ماڵە جوتیارێکدا دەمێنێتەوە. لەوکاتەدا هێرشەکەی لەشکری دێنکین «Denikin» تێکدەشکێت و ماوەیەکی کەم پاش ئەوە لەنێوان میری سۆڤیەت و پارتیزانەکانی ماخنۆ دا پشوویەکی نوێ دەستپێدەکات. ڤۆلین پاش ئەوەش هەر نەخۆش دەبێت، تا لە 14ی جانیوەردا لەلایەن بەکرگیراوانی سوپایی میری مۆسکۆ وە دەستبەسەر دەکرێ و لەم زیندانەوە بۆ ئەو زیندان ڕاکێشدەکرێت. ترۆتسکی دەستبەجێ بڕیاری لە سێدارەدانی دەردەکات، کە ڤۆلین بە هۆی ڕێکەوتی روداێکەوە لە مردن ڕزگاری دەبێت.

مارچی 1920 ڤۆلین بینرا بوو، کاتێك کە بەرەو مۆسکۆ دەبرا، تاوەکو ئۆکتۆبەری ئەوساڵە لەوێدا زیندانی بوو، تا کاتێك کە وی و زۆرێك لە ئانارکیستەکان بەپێی ڕێکەوتننامەیەکی نێوان یەکێتی سۆڤیەت و لەشکری ماخنۆ ئازادکرا. ڤۆلین دوبارە گەرایەوە بۆ خارکۆڤ «Kharkov»، لەسەر چالاکییەکانی پێشوی خۆی بەردەوامبوو و بەشداری لە بەردەوامی گفتوگۆکانی نێوان میری لینین و نوێنەرانی هێزەکانی ماخنۆ دا کرد. بەڵام ڕێکەوتنێك کە لەنێوان هەردوولادا پێکهاتبوو، بەزووی لەلایەن بۆلشەڤیکەکانەوە تێکدرا و لە نۆڤەرمبەردا، کەمتر لە مانگێك پاش ئازادبوونیان، ڤۆلین و زۆرێك لە هاوڕێکانی دووبارە دەستگیرکرانەوە و لە تاگانکا «Taganka» زیندانێکی موۆسکۆ دا دەستبەسەرکرانەوە.

لەوێدا بێجگە لە بۆچوونە ئازادیخوازانەکانیان هیچ بەڵگەیەکیان لە دژیان نەبوو. ئێستا ئیتر زۆر دژوار بوو، ئەگەری ڕودانی هەر ئاڵوگۆڕێك لە بارودۆخەکەدا دەیتوانی ببێتە هۆی ئەوەی کە هەموویان بەڕێگەیەك یا بەڕێگەی تر وەك ئەو هەزارانەی کە دواتر لەناوبران، لەنێوببرێن. بەڕێکەوت بوو کە لە ژیاندا مانەوە.

لە هاوینی 1921دا کۆنگرەی نێونەتەوەیی یەکێتییە سورەکان لە موۆسکۆ بەسترا. لەنێو نوێنەرەکاندا، نوێنەری هەندێك لە ڕێکخراوە ئانارکۆ-سەندیکالیستەکانی ئەسپانیا، فەرەنسە و وڵاتانی تر، ئەوانەی کە هاتبوون ئەوە هەڵسەنگێنن ئایا هاوپەیمانی لەگەڵ ئەم نێونەتەوەییە تازەدا گونجاوە یا نا. لەگەڵ گەیشتنیان بە پایتەخت، ئانارکیستەکان لە زیندانی تاگانکا «Taganka» دەستیان بە مانگرتن لەخوارد کرد، کە دە ڕۆژ درێژەی کێشا و دەسەلاتیان ناچار بە راگەیاندنی رونکردنەوەیەکی ئاشکرا کرد، کە بۆچی ئەوانە دەستگیرکراون.

کاتێك کە نوێنەرەکان ئەمەیان بیست کە چی رویداوە، ناڕەزایەتییەکی تونیان دەربڕی، پەیگیرانە خوازیاری ئازادکردنی هاوڕێ ڕوسییەکانیان بوون. بەڵام بەهۆی ئەم ئاشکراکردنەوە بوو، کە ڕوداوەکە لە کۆنگرەدا خرایەروو و میری ناچار بە ئازادکردنی مانگرتووان بوو، بەمەرجێك بۆ هەمیشە ڕوسیە بەجێبهێڵن. یەکەمجار بوو کە زیندانیانی رامیار لە بەناو وڵاتی سوری پرۆلیتاریا ناچار بە وڵاتبەدەری بکرێن.

هەروەها میری سۆڤیەت بێباك بوو لەوەی ئەم قوربانیانە بە پاسپۆرگەلێك کە لە سەربازە یوگوسلاڤییە گیراوەکانی جەنگ کە لە ڕێگەی گەرانەوەیاندا لێیان وەرگرتبوون، لە کۆڵی خۆی بکاتەوە . کاتێك کە دوورخراوان گەیشتنە لەنگەرگەی شتێتین «Stettin»ی ئاڵمانی، نێوی فەرمی خۆیان بە دەسەڵاتدارانی ئەوێندەرێ دا و ئەوەیان ئاشکراکرد کە ئەو پاسپۆرتانە کە لەلایەن بۆلشەڤیکەکانەوە پێیان دراون، لە راستیدا هی خۆیان نین. بەخت یاریان بوو لەوکاتەدا ئاڵمانیا بەخۆی لە بارودۆخێکی شۆڕشگێڕانەدا بوو، ڕێکەوتێك کە کەمجار ڕوودەدات.

لەگەڵ ئەوەی کە فەرماندە (commissar)ی لەنگەرگەکە مافی یاسایی ئەوەی نەبوو ڕێگە بە کۆمەڵێك کە ژمارەیان دەگەیشتە بیست کەس بدات لە خاکی ئاڵمانیا دا بمێننەوە، هاوسۆزی خۆی لەگەڵیان نیشاندا و ڕێگەی دا دووان لە هاوڕێیانیان بڕۆن بۆ بێرلین، تاوەکو بزانن کە ئایا دەتوانن هاوڕێیانی خۆیان بۆ پشتیوانی لێکردن لێیان پەیدا بکەن، کە لێپرسراوەتی سەرپەرشتی و ڕێوشوێنی تازە بۆیان لە ئەستۆ بگرێت. کاتێك کە دوو نوێنەرەکە لە کاتی خۆیدا گەیشتنە بنکەی سەرەکی یەکێتییە سەربەخۆکانی کارگەرانی ئاڵمان لە پایتەخت، سکرتێری ڕێکخراوی ناوبراو فریتس کاتەر«Fritz Kater» بەخۆی لەگەڵیان چووە لای فەرماندەی پۆلیس و هەموو پەروەندە پێویستەکانی بۆیان واژۆکرد، بۆ ئەوەی لە ماوەی چەند کاتژێرێکدا مۆڵەتنامەی هێنانی هەموو گروپەکە بۆ بێرلین وەربگرێت. بەمجۆرە لە کۆتایی 1921دا گەیشتنە بێرلین.

فریاکەوتنی ژمارەیەکی وا لەو کاتەدا کارێکی فرە ئاسان نەبوو، بەڵام هاوڕێیانی ئاڵمان ئەرکی سەرشانیان بەوپەری تواناوە بەجێگەیاند. بەتایبەتی ئەوەی کە زۆر سەخت بوو شوێن بۆ ژیانی هاوڕیێانی تازە دەستەبەر بکرێت، لە راستیدا پاش جەنگی یەکەمی جیهانی، پرسی خانووبەرە لە ئاڵمانیا نالەبار بوو و وەك گرفتێکی گەورەی نەتەوە تا چەند ساڵ دواتر مایەوە و ئەرکی دژواریان پەیداکردنی سەرپەنایەکی گونجاو بوو کە خێزانی حەوت کەسی ڤۆلین تێیدا نیشتەجێ بن. لە تاقە پەناگەی کۆمیتەکەیاندا لەو کاتەدا تەنیا یەك ژوور کە گەرمی تێدابوو، دەتوانرا دابین بکرێت.

ئەوکات، یەکەمجار بوو کە چاوم بە ڤۆلین و هاوڕێکانی کەوت. لەگەڵ ئەوەی کە تەنیا چل و یەك ساڵە بوو، بەپێی پرچ و ڕدێنی سپی هەڵگەرابووی، پیرتر و بەتەمەنتر دەهاتەبەرچاو. چوست و چالاکی و بزووتنە خێراکانی، بەخێرایی دیتنەکانی منیان ڕاستکردەوە. پیاوێکی خوێنگەرم و زیرەك و سەرنجراکێش بوو و ڕەوتار نەرمی و وردبینییەکەی پێچەوانەی بارودۆخە دەرەکی و نەهامەتییە کەسییەکانی بوون. بە توانایی لەرادەبەدەری لە وردەکاری و توانستی بەردوامی لە نووسیندا بە ئاسانی لەو ژوورە باڵابانەی کە دەبوو تەواوی خێزانەکەی تێیدا بخۆن و بخەون و ژیانی ڕۆژانەیان تێیدا بوگزەرێنن، لێهاتووی وییان نیشان دەدا.

لە راستیدا ڤۆلین لەو ماوەدا کە لە بێرلین بوو، گەلێك کاری بەسوودی بە ئەنجام گەیاند. پەرتووکۆکەیەکی هەشتا پەڕەیی بە زمانی ئاڵمانی لەمەر چەوساندنەوەی ئانارکیستەکان لە یەکێتی سۆڤیەت نووسی. ئەم زانیاریانە یەکەمین زانیاری دەستی یەك و بڕواپێکراوبوون لە دەرەوەدا لەمەڕ ئەوەی کە لەناو روسیەدا چی دەگوزەرا. پەتوکێکی پیتەر ئارشینۆڤ «Peter Arshinov»ی لەمەر مێژووی بزووتنەوەی ماخنۆڤیستی، بۆ سەر زمانی ئاڵمانی وەرگێڕا و لە هەمانکاتیشدا گۆڤارێکی ڕوسی بەنێوی کارگەرانی ئانارکیست دەرکرد. لەپاڵ ئەمەشدا کارێکی زۆر چڕوپڕی بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی ئاڵمانی ئەنجامدا، ئامادەکاری و وتارگەلی بۆ بڵاوکراوەکانمان دەنووسی.

ڤۆلین بۆ ماوەی دوو ساڵ لە بێرلین مایەوە، پاش ئەوە لەلایەن سێباستیان فۆرێ «Sebastian Faure» داوانامەیەکی پێگەیشت، بۆ ئەوەی لەگەڵ خێزانەکەی لە پاریس نیشتنەجێ بن، چونکە لەو ڕۆژانەدا گوزەرانی ژیان لە وێندەرێ زۆر لە ئاڵمانیا باشتربوو. فۆرێ «Faure» ئامادەگەر و بلاوگەری ئینکلۆپێدی ئانارکیستی «Encyclopedie Anarchiste» بوو و پێویستی بە کەسێك بوو کە شارەزایی لە زمانەکانی تردا هەبێت و بە بەردەوامی هاوکاری بکات. بەمشێوەیە ڤۆلین مەیدانێکی گونجاو و لەباری بۆ چالاکییەکانی دۆزییەوە. وتارگەلێکی جۆراوجۆری بۆ ئینکلۆپێدییە نوێیەکە نووسی، زۆرێکیان وەك نامیلکە بە گەلێك زمانی تر بڵاوبوونەوە. هەروەها، وی بە پێشنیارەکەی فیدراسیۆنی نیشتمانی کارگەران «Confederacion Nacional del Trabajo» لە ئەسپانیا ڕازیبوو، کە تێیدا داوای لێکرابوو ببێتە سەرنووسەری بلاوکراوە خولییەکەیان ئەسپانیای دژە فاشیست « I L'Espagne Anti Fasciste» لە پاریس.

بەلام سەرەرای ئەوەی کە باری گوزەرانی لە فەرەنسە لەچاو ئاڵمانیا باشتربوو، بەدواهاتنێکی ناخۆشی بۆی هەبوو. ئەوەی کە لە بارێکی ناهەمواردا هاوسەرەکەی مرد، کە ناخۆشترینیان بوو. پاش ماوەیەكی کەم بەرەو «نیم Nimes»، پاریسی بەجێهێشت و پاشان گەیشتە مارسێڵس «Marseilles». لەوێندەرێ کەوتە نێو جەنگی جیهانی دووەم، پاش ئەوەی کە نازییەکان پەلاماری فەرەنسەیان دا، ڕێوشوێنی ڤۆلین فرەتر کەوتە مەترسییەوە. لە حەشارگەیەکەوە بۆ حەشارگەیەکی تر، WRS ناچاریکرد کە لەناو نەهامەتییەکی سەراپاگیردا و نائومێدییەکی ترسناکدا بژی.

کاتێك کە جەنگ تەواو بوو، گەرایەوە بۆ پاریس، بەلام تەنیا بۆ کەوتن لە نەخۆشخانە، لەەر ئەوەی سەخت تووشی نەخۆشی سیل«tuberculosis» بوو بوو و بەخۆی دەیزانی کە چەند ڕۆژێك ژیانی ماوە. لە 18ی سێپتەمبەری 1945دا لەوێندەرێ مرد. زۆرێك لە هاوڕێ دێرینەکانی لە دوا بەڕێکردندا لەگەڵی بوون، کە بە سوتاندنی - شێوەیەکە لە ناشتنی مردووان- لە گۆرستانی دێرینەی پێر لەشەیز «Pere-Lachaise» کۆتایی هات. هاوڕێیانی هاوڕێیەکی کۆڵنەدەریان لەدەست دا کە ژیانێکی پڕ چەرمەسەری بردە سەر، بەلام ئەوەی کە بۆ ئەمان جێما خەباتی بێوچان بوو بۆ دونیایەکی باشتر و لەپێناو ئازادی و دادپەروەی کۆمەڵایەتی.

ئەم ژیاننامەیە لە پێشەکی پەرتووکی شۆڕشێکی نەناسراو «Unknown Revolution» ڤۆلین، وەرگیراوە، کە ڕۆدۆلف ڕۆکەر ژیاننامەکەی تێدا نووسیوە، وەرگیراوە.

* ئەم تیترە من بۆم داناوە. و. ك

سەرچاوەی لێوەرگیراو :

Related Link: http://dwardmac.pitzer.edu/Anarchist_archives/bright/voline/biography.html
This page can be viewed in
English Italiano Deutsch
© 2005-2024 Anarkismo.net. Unless otherwise stated by the author, all content is free for non-commercial reuse, reprint, and rebroadcast, on the net and elsewhere. Opinions are those of the contributors and are not necessarily endorsed by Anarkismo.net. [ Disclaimer | Privacy ]