Western Asia Es wurden keine neuen Veranstaltungshinweise in der letzten Woche veröffentlicht
|
هەڤپەیڤینی گروپی لەتەك سەکۆی ئەنارکیستان
دەقی کوردی* هەڤپەیڤینێکی ڕۆژنامەگەریی گروپی گراس‌ڤورتسڵ‌ڕیڤۆلوتسیۆن ( Graswurzelrevolution) لەتەك سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان لەمەڕ پرسی نەتەوەیی کورد و بزووتنەوە نارازییەکانی کوردستان و هەبوون و ڕۆڵی ئەناركیسته‌كان و بزاڤی ئەنارکیستی لە کوردستاندا. [English] [Kurdî]
هەڤپەیڤینی گروپی(Graswurzelrevolution) لەتەك سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان
ئامادەکردنی: خاتوو بریگیت
دەقی کوردی* هەڤپەیڤینێکی ڕۆژنامەگەریی گروپی گراس‌ڤورتسڵ‌ڕیڤۆلوتسیۆن ( Graswurzelrevolution) لەتەك سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان لەمەڕ پرسی نەتەوەیی کورد و بزووتنەوە نارازییەکانی کوردستان و هەبوون و ڕۆڵی ئەناركیسته‌كان و بزاڤی ئەنارکیستی لە کوردستاندا. ئەم هەڤپەیڤینە خاتوو بریگیت ئامادەی کردووە، کە بە خۆی ماوەیەك لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوین بووە و لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی فێبریوەری 2011دا لە هەرێمی کوردستان بووە و لە نزیکەوە ئاگاداری ڕووداوەکان بووە. خاتوو بریگیت لە فەلەستین لەتەك بزاڤی هاوپشتی نێونەتەوەیی، لە ئەوروپا لەتەك دەستەی بێ‌سنوور (دژەسنوور) و گروپی هاوپشتی کۆچەران بەشدارە. هەروەها لەتەك چەند گروپێکی پاراستنی مافی ئاژەڵان و ژینگەدا کار دەکات. **
“ ئەناركیستی كوردی” چی ده‌گه‌یه‌نێت؟ هیچ كاراكته‌رێكی تایبه‌تمه‌ندی هه‌یه، كه له ئەناركیسته كلاسیكەكانی سەدەی نۆزده‌هەمی ئه‌وروپا جیای بكاتەوە؟
تا ئەوێندەرێ ئێمە بزانین و ئاگاداربین، دەستەواژەیەكی ئاوا بوونی نەبووە و نییە، ئەگەر بەكاریش برابێت، ئەوا تەنیا لەلایەن نەیارانی هزری ئەناركییەوە بەكار براوە. چونكە ئەناركیزم وەك هزر و ئایدیایەكی جیهانی، هەڵگری هیچ شوناسێكی دەوڵەتی یا نەتەوەیی و ناوچەیی نییە و هەر كات پاگەندەییەكی ئاواش كرابێت، بە دڵنیاییەوە لەلایەن ئەنارکیستەکان خۆیانەوە نەكراوە. هه‌روه‌ها له‌به‌رئه‌وه‌ی كڕۆك و گیانی ئەناركیزم دژایه‌تیكردنی ده‌سه‌ڵات و زاڵبوونە و دژی كۆنترۆڵكردنه، ئیدی له هه‌رشوێنێكی ئه‌م دنیایه‌دا بێت، كه ئه‌م گیان و ناوەڕۆكه‌ی لەده‌ست دا، ئەوا ناتوانرێت به ئه‌ناركیزم نێو ببرێت. ده‌كرێت تاكی ئه‌ناركیست و ده‌سته و گروپه ئه‌ناركیسته‌كان له‌سه‌ر گه‌یشتن به‌و ئامانجه كێشه و بۆچوونی جیاجیایان هه‌بێت و شێوه تاكتیكی جیا جیا بگرنه‌به‌ر، به‌ڵام له ئامانجیاندا یه‌كن و یه‌كبوون. هه‌ر بۆیه ده‌ڵێین ئه‌وه‌نده‌ی ئاگامان له ئه‌ناركیسته كلاسیكه‌كانی سەدەی نۆزده‌ی ئه‌وروپاش هەبێت، هه‌ر وای ده‌بینین، له ئامانجیاندا یه‌كبوون، كه دژایه‌تی ده‌سه‌ڵات و سەروەری چینایەتی بووه. به‌ڵام بێگومان بۆچوونی جیاجیایان له‌سه‌ر گه‌یشتن به‌م ئامانجه هه‌بووه، كه ئه‌و بۆچوونە جودایه، چونیەتی ڕێكخستن و یه‌كخستنی ڕیزه‌كانی خۆشیانی گرتووته‌وه. (بۆ زانیاری و وه‌ڵامی زیاتر له‌سه‌ر پرسیاره‌كه‌تان، تكایه سه‌رنجی وه‌ڵامی پرسیاری دووه‌م بده‌ن).
خۆ ئەگەر لێرەدا مەبەست لە ئامادەیی سروشتییانەی ژیان و توخمی ئەناركی بێت لە كۆمەڵگە و گۆشەكانی جیهاندا، ئەوا بە دڵنیاییەوە لە كوردستان یا لەم هەرێمەشدا وەك بەشەكانی دیكەی جیهان، بەجۆرێك ئەناركیزم لە سروشتی ئازادیخوازیی و هەرەوەزیی و سەربەخۆخوازیی و یەكسانیخوازیی مرۆڤەكانی ئەم دەڤەرەشدا ئامادە بووە. بۆ نووسینەوە و تۆماركردنی ئەو ئامادەبوونە، كار و لێكۆڵینەوەیەكی زۆری پێویستە. كە بەداخەوە تا ئەم ساتە ئەنجام نەدراوە.
ئەگەر مەبەست لە گروپی ڕامیاریی و ڕێكخراوە كۆمەلایەتی و ئابوورییەكان بێت، ئەوا بەداخەوە لە هەرێمی كوردستاندا ئەمە ئامادە نییە و ئەگەر هەشبووبێت، ئەوا لەبەر ئاشنانەبوونی خەڵك بە ئایدیا ئەناركیستییەكان لەمەر شێوازی خەباتی ئەناركیستی و كۆمەڵگەی ئەناركی، ئەو هەوڵانە لەسەر گروپە چەپەكان تۆماركراون. دەتوانین لە سەردەمی ڕاپەڕینی ئازار و سەردەمی سەرهەڵدانی ڕێكخراوە جەماوەرییەكانی 1992 تا 1995 دا هەست بە سەرهەڵدانی بۆچوونە ئەنارکیستییەکان لەمەڕ بنەما فێدراتیڤەكانی رێكخراوبوون بكەین، بەڵام دیسانەوە لەبەر تەمەنكورتی خودی ئەو ئەزموونانە، ئایدیا فێدراتیڤەكان نەیانتوانی پەرەبسێنن و پەلبهاوێن.
دەركەوتنی ئەناركیستیی جۆراوجۆر هەیە. ئایا ئاراستەیەكی یا ڕەوتێكی ئەناركیستی دیاریكراو هەیە، كە ئێوە سروشتتان لێوەی وەرگرتبێت؟ ئەگەر هەیە، كامەیە و بۆچی؟
نكوڵی له‌وه ناكرێت، كه ئه‌مڕۆ بزووتنەوەی ئه‌ناركیستی یا ئه‌ناركیستییەكان وه‌كو سه‌رجه‌می بزووتنەوەی چه‌پی ئه‌مڕۆ، پرژ و بڵاو و له‌یه‌كترازاون. هه‌ڵبه‌ته ئه‌مه‌ش ئاوای کردووە كه ئه‌ناركیسته‌كان له گروپ و ڕێكخراوه و كۆمه‌ڵی جیاجیادا خۆیان بگرنه‌وه، ناوێك و ڕه‌نگێك و یا ده‌نگێكی كه‌مێك له یه‌كتری به‌خۆوه بگرن، دیاره لێره‌دا پێویستمان به‌ناونووسكردنی گروپه‌كان نییه، چونكه ئێوه‌ش ئه‌وه باش ده‌زانن.
گه‌رچی سه‌رجه‌می ئه‌م گروپانه له سێ پرسی ناوكۆییدا یه‌كده‌گرنه‌وه، كه ئه‌وانه‌ش: یه‌كه‌م دژایه‌تیكردنی سەروەرییە له هه‌ر چه‌شنێكدابێت، گه‌ر له‌سه‌ره‌وه بیگریت ده‌وڵه‌ته و له خواره‌وش ده‌سه‌ڵاتی باوکسالارانەی خێزانه، دووهه‌میش باوه‌ڕ نه‌بوونیانه به شێوه‌ی خه‌باتكردنی په‌ڕله‌مانتاریانه و كوده‌تا و ئه‌و چه‌شنه "هەوڵانەی" كه ده‌یانه‌وێت له‌سه‌ره‌وه‌را کۆمەڵگە بگۆڕن نه‌ك له خوارەوەرا، وه‌كو پارته چه‌پ و بۆلشه‌ڤیكییەكانی كۆن و سه‌رده‌م. سێهه‌میش دروستكردن و ئافەراندنی کۆمەڵگەیه‌ك كه ڕوتكرابێته‌وه له هه‌موو چه‌شنه جیاوازیه‌ك و هه‌مو چه‌شنه زۆرداری و چه‌وساندنه‌وه‌یه‌ك و زاڵبوونێك له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌س و هه‌ر گروپ و توێژ و چینێكه‌وه بێت. به کورتی هه‌وڵدانه بۆ دامه‌زراندنی کۆمەڵگەیه‌ك كه تاكه‌كانی ئازاد و سه‌ربه‌ست بن و ته‌واوی به‌های مرۆڤبوونیان بۆ بگه‌ڕێته‌وه.
بێگومان بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه‌ی سه‌ره‌وه، جۆری جیاجیای تێكۆشان و خه‌باتكردن له گروپه جیاجیاكاندا ڕه‌چاو ده‌كرێت، ئێمه‌ش لێره‌دا بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه ناده‌ین، كه كێ ڕاسته و كێ ڕاست نییه.
ئێستاش بابێینه سه‌ر كرۆكی پرسیاره‌كه‌تان، ئێمه زیاتر كه‌ڵكمان له چالاكی فه‌ردی خۆمان و ئه‌و بزووتنه‌وانه‌ی كه له ڕابوردوودا پێوه‌ی په‌یوه‌ست بووین، لەتەك سه‌رجه‌می بزووتنەوەی چه‌پ، وه‌رگرتوه، چونكه سه‌رجه‌می ئه‌و بزووتنەوانه و گروپه‌كانیان و تاكی ناو گرپ و کۆمەڵگەكه‌ش، له‌وه‌ی كه بانگهێشه‌یان بۆ کردووە و ده‌كرد، شکستیان هێنا و نه‌یانتوانی بیكه‌ن، ئه‌م ئه‌زموونه‌ش له زۆربه‌ی زۆری وڵاتانی دنیادا به دووباره‌بوونه‌وه‌یان و چەندباره‌بوونه‌وه‌یان ، بینیومانه و ڕاستی تێشکانیان سه‌لمێندراوە. هه‌ر له‌به‌رئه‌مه‌ش پێویست ده‌كرا كه بیر له ڕیگەچاره‌یه‌كی تر بكرێته‌وه.
ئه‌م ئەزموونانه ئه‌وه‌یان بۆ ساخ كردووینه‌ته‌وه، کە تێشكانی سه‌رجه‌می ئه‌و بزووتنەوانه و پارت و ڕێكخراوه‌كانیان له ئاره‌زوویان بۆ گۆڕینی کۆمەڵگەكان، له‌سه‌ره‌وه بنجی گرتووه و بنج ده‌گرێت، كه سه‌رجه‌می گۆڕانكارییه‌كانیش، به گۆڕینی ده‌موچاوه‌كان و ده‌ستی ده‌ستیكردن به ده‌سه‌ڵات كۆتاییان هاتووه و دێت، ئه‌گینا جیاوازی چینایه‌تی و ستەم و زۆر و چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وەیی و ئایینی و جیاوازی له ڕووی ڕه‌گه‌ز (جێندەر) و پێست و نەژادەوە هه‌ر ماوه‌ته‌وه لەتەك مانه‌وه و گه‌وره‌بوون و قوڵبوونه‌وه‌ی نه‌بوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتی. ئه‌مه بێ له‌وه‌ی كه لێره‌دا پێویستیش ناكات, ئه‌وه بڵیین سه‌رجه‌می ئه‌و میری و ده‌سه‌ڵاتانه‌شی كه هێناویاننه‌ته گۆڕێ بۆ به‌رگریكردن بوون له چه‌شنه‌كانی خاوەندارێتی و ئافەراندن و به‌رپاكردنی جه‌نگ و برسێتی و بێكاری و هه‌ڵكه‌ندن له شوێنی خۆ و ڕه‌وكردن، خستنه‌به‌ركاری منداڵ و به له‌شفرۆشكردنی گه‌نج و لاو له هه‌ردوو جێنده‌كه، بۆ به‌ده‌ستهێنانی زێده‌بایی و سه‌رمایه‌ی زیاتر، بوون و بەس.
ئێمه هه‌وڵمان داوه و هه‌وڵ ده‌ده‌ین خۆمان له لاساییكردنه‌وه و وه‌رگرتنی شێوه و كاركردنی هەر یەك له‌و گروپ و ڕێكخراوه ئه‌ناركیستانه بپارێزین و نەیانكه‌یه‌نه مۆدێل، به‌ڵام لەتەك ئه‌وه‌شدا كه‌ڵكمان له شێوه‌ی كاركردنی بڕێك له گروپه ئه‌ناركیسته‌كانی سەدەی ڕابوردوو ئێستای ئه‌مه‌ریكای لاتینی و ئه‌وروپادا وه‌رگرتوه.
هیچ بیریارێكی ئەناركیست هه‌یه، كه بۆ ئێوه به‌تایبه‌تی گرنگ و بهبایاخ بێت؟ یاخود هیچ تاكێكی كورد هه‌یه، كە ئێوە وەك ئەناركیست- ئەندێش پێتانوابێت گرنگ بێت كە لەبارەیەوە بزانرێت؟
ئێمه بایەخ و هه‌وڵ و كۆششی هه‌ندێك له بیریارانی ئه‌ناركستی سه‌رده‌می سەدەی نۆزده و بیسته‌م ، له‌وانه باكۆنین و جۆزیف پرۆدۆ‌ن و شتیرنەر و ئێماگۆڵدمان و کرۆپۆتکین و مالا‌تێستا و دانییل گری و هه‌ندێكی دیکەیان، به هەند وەرده‌گرین، ده‌ستی ڕێز و پێ‌زانین له‌سه‌ر كاره تیئورییه‌كانیان و چالاكییه‌كانیان داده‌نێین و ده‌گرین، به‌ڵام ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه نییه كه ئێمه سه‌رنج و ڕه‌خنه‌مان له جۆری بیركردنه‌وه و كاره‌كانیان نه‌بێت.
ئێمه لەتەك هیچ پیرۆزییه‌ك و پیرۆزكردنێكدا نین، خودی ئه‌وه‌ش (پیرۆزکردن) لای ئێمه دژایه‌تی گیانه زیندووه‌كه‌ی ئەناركیزم و بزووتنەوەكه‌ی ده‌كات و ده‌یمرێنێت.
پیرۆزكردنی كه‌سه‌كان و ده‌قه‌كانیان وه‌كو چۆن مارکسیستەکان و کۆمونیسته‌كانی كۆن و سه‌رده‌م كردویانه و ده‌یكه‌ن، به بیرته‌سكی ته‌ماشاكردنی بیر و بۆچوون وه‌كو ته‌ماشاكردنی كتێبه ئاسمانییه پیرۆزه‌كان، لەبەرچاو دەگرین و به‌ڕێگرییان ده‌زانین له به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی بزووتنەوەی سۆشیالیستی و داهێنانه‌كانیاندا. هه‌ر بۆیه ئێمه به‌چاوی ڕه‌خنه له هه‌موو شتێك ده‌ڕوانین و سه‌رنجی لێ ده‌ده‌ین و تاوتوێی ده‌كه‌ین.
لەمەڕ به‌شی دووهه‌می پرسیاره‌كه‌شتان، لەسەر تاكی كورد وەك ئەنارکیستێك، ئەوەی ئێمه پێمان وابێت، له‌و باره‌یه‌وه گرنگ بێت. وه‌ڵامی ئێمه له مه‌دا به نه‌خێره.
له ڕاستیدا گروپی ئه‌ناركیست و ئەزموونی ئه‌ناركیستانه ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه پێی بزانین نه‌بووه، له کوردستانی بەشی عیراقدا، كورد به‌خۆیه‌وه نه‌یدیوه، هه‌ر بۆیه‌ش تاكێك نه‌بووه له ناو كورددا له‌و به‌شه‌ی كوردستاندا، وه‌كو ئه‌ناركیستێك جێگەی سه‌رنجی ئێمه بووبێت .
له سەدەی ڕابوردوودا یه‌ك دوو بزووتنەوەیه‌كی بچووك كه ته‌نها له ناوچه‌یه‌كی گه‌لێك بچو‌وكدا دروست بوون، كه ژیانێكی ساده و ساكاریان هه‌بووه و هه‌موو شتێكیان به هه‌ره‌وه‌زی کردووە و ژیانیان به‌یه‌كه‌وه بردۆته سه‌ر، گه‌رچی هه‌ندێك خه‌ڵك پێیان خۆشه كه نێوی ئه‌ناركیستیان به‌سه‌ردا ببڕن، به‌ڵام ئێمه لەتەك ئه‌وه‌دا نین، چونكه ئێمه بزووتنەوەی ئەناركیزم زۆر له‌وه قولتر و فراوانتر ده‌بینین، تاكو ته‌نها بێته سه‌ر به هه‌ره‌وه‌زی كاركردن و به‌یه‌كه‌وه ژیان.
ئەناركیستی كورد چۆن خه‌باتی كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی ، ئۆتۆنۆمی (خودموختاری)، یا سه‌ربه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی شی ده‌كاته‌وه و ته‌ماشای ده‌كات؟ ئێوه وه‌كو ئەناركیستێك ، بڕواتان وایه كه په‌یوه‌ندیه‌كی پۆزه‌تیڤانه‌تان ببێت به‌م هیوایه ، یا خود باوه‌ڕتان وایه كه ئه‌وه كار ناكات؟
پڕسیاره‌كه‌تان ئاشكرا نییه كه ئایا ئێوه ڕوی ده‌م له ئێمه ده‌كه‌ن یاخود ئه‌ناركیستێكی كورد؟
به‌هه‌ر حاڵ گه‌ر مه‌به‌ستتان ئێمه بێت ئێمه ده‌ڵێین هەموو ڕزگاربوونێك چ نەتەوەیی و چ ڕەگەزی و چ ئایینی بە واتایەكی دیكە نەمانی هەڵاواردن و ستەمی نەتەوەیی و ڕەگەزی و ئایینی بە هەنگاوێكی بەرەوپیشەوەچوون دەزانین و پشتیوانی لێ دەكەین. بەڵام لەوێدا كە هەنگاو بەرەو بنیاتنانەوەی دەسەڵات و سەروەری چینێك ، ڕەگەزێك، ئایینێك، نەتەوەیەك بەسەر ئەوی دیكەدا بنێت، دژایەتی دەكەین و جیاوازییەك لەنێوان بۆرجوازی كورد و بۆرجوا-داگیرگەرانی كوردستاندا نابینین.
با ئه‌وه‌تان به‌یاد بخه‌ینه‌وه، كه ئێمه دژی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێكین، وه‌كو له‌سه‌ره‌وه ناونووسی ده‌سه‌ڵاته‌كانمان کردووە، هه‌ر بۆیه پێمانوایه كه هه‌ر ڕه‌گه‌زێك، نه‌ته‌وه‌یه‌ك، ڕه‌نگێك، ده‌نگێك، ئایینێك، ویستی ده‌سه‌ڵاتی هه‌بێت تاكو زاڵیی و باندەستی خۆی به‌سه‌ر هه‌مووانی دیکەدا بسه‌پێنێت، ئیدی ئه‌وه مه‌ترسیداره‌وه و ئه‌وه‌ی كه بزووتنەوەی ئه‌ناركیستی هه‌وڵی بۆ داوه، لەوێدا کۆتایی هاتووە و دێت، بۆیه لە وەها بارێک‌دا ناچاردەبین جارێكی دیکە، گه‌مه‌كه له‌سه‌ره‌تاوه ده‌ست پێ بكه‌ینه‌وه، واتە لە وەها بارێک‌دا هیچمان به هیج نه‌کردووە، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وەشە، کە ئێمه به ئه‌ركی سه‌رشانی خۆمانی ده‌زانین، له پاڵ پشتگیریكردنی ئه‌و بزووتنەوانه‌شدا ده‌بێت پارێزگاری هێلی ئامانج و پرنسپڵی خۆمان بكه‌ین و ڕوانگه‌ی دژەسەروەرییانە و مەیدانەکانی چالاكی خۆمان ون نه‌كه‌ین ، تاكو بۆ خه‌ڵكه‌كه ڕون بێتەوە كه ئه‌و بزووتنەوەی ئه‌وان یا هه‌تا به‌ده‌ستهێنانی ئامانجه‌كانیشیان، ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت، كه ئیدی ئه‌وان ته‌واوی سه‌ربه‌ستی و ئازادی و هه‌موو ئه‌و خێر و خۆشیانه‌ی كه چاوه‌ڕوانیان ده‌كردن، به‌ده‌ستیان هێناون و دەهێنن.
زۆر له كورده‌كان هیوایان به هه‌بوونی ئۆتۆنۆمییه‌كی ناوچه كوردیه‌كانی هه‌ر چوار ده‌وڵه‌ته‌كانی كه کوردستان پارچه‌یه‌كه لێی، هه‌یه، له ژێر ناوی جۆرێك له جۆره‌كانی فیدراڵیدا یه‌كبگرنه‌وه. ئێوه لێره‌دا له كوێدا ده‌وه‌ستن، هه‌ڵوێستان لەم بارەوە چیه؟
ئێمە هیوادارین ڕۆژێك هەموو گوند و شار و ناوچە و هەرێم و كیشوەرەكان (قاڕەكان) لەسەر بنەمای فیدراسیۆن و كۆنفیدراسیۆن (فێدراتیڤ)ی یەكبگرنەوە. وەها یەكگرتن و پێكهاتنێك لەسەر بناخەی داخوازی سەربەخۆییانەی خەڵك و خواست و ویستی (ئیرادەی) ئازادانەی خەڵك، پێشوازی لێ دەكەین. بەڵام لە هەلومەرجی ڕامیاری ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئەوڕۆكە و جیاوازی ئاستی بەشەكان و نەبوونی هوشیاری ئۆتۆنۆمیی فێدراسۆنەكان لە یەكگرتن و جیابوونەوەدا، وەها ئەگەرێك زۆر دوور دەخاتەوە. بەڵام دەكرێت كار و خەبات بۆ جێخستنی وەها پێكهاتەیەكی فیدراتیڤی لەو وڵاتانەدا بكرێت و وەك ئەڵتەرناتیڤی سیستەمە هیرارشییەكانی ئیستا خەباتی بۆ بكرێت و هیوای پێ ببەسترێت.
لە ئێستادا ئەوەی هەیە و سەرنج و چاوەڕوانی زۆرینەی خەڵکی ڕاکێشاوە، ڕێگەچارە هیرارشییەکانن، بۆیە كاركردن بەو ئاراستەیە به ئه‌ركی سه‌رشانی خۆمانی نازانین، ئێمه به‌ئاگاین له‌وه‌ی هه‌ر جۆره یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌ك هه‌بێت، ئۆتۆنۆمی، فیدراڵی نه‌ته‌وەیی، یه‌كگرتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی، ته‌نها جۆری كێشه‌كان و هەتا ڕاده‌یه‌كیش چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی پینه ده‌كات، به‌ڵام له ڕاستیدا كێشه‌كانی دیکەی مرۆڤی ناو کۆمەڵگەی كورردی وه‌كو هه‌موو هەر کۆمەڵگەیه‌كی دیکەی سه‌رده‌م قوڵتر ده‌كاته‌وه، باشترین نموونه‌ی ئێستا و سەدەی ڕابوردوو كێشه‌ی خوارووی ئه‌فریکایه، كه ئێستا مرۆڤی ئه‌و کۆمەڵگەیه كێشه‌ی ئاو و كاره‌با و ته‌له‌فۆن و هه‌ژاری زیاتر و په‌راوێزخستنی خه‌ڵكه‌كه‌ی، كه له سه‌رده‌می ڕژێمی ڕه‌گه‌زپه‌رستیدا لە خوارەوەی کۆمەڵگەكەدا بوون، قوڵتر بووته‌وه. چونكه ئێستا ته‌نانه‌ت ژیانیان له چوارچێوه‌ی ئه‌و ته‌نه‌كه و له‌وحانه‌ی كه كردوویانن به‌وه‌ی كه پێی ده‌ڵێن ماڵ، پێ ڕه‌وا نابینرێت. گیروگرفتی كرێ و هه‌رزانی و گرانی و قوتابخانه و خه‌سته‌خانه و زانكۆ‌و سه‌رجه‌می شوێنه خزمه‌تگوزارییه‌كان، كار و بێ‌کاری، زیاتر بووه، به‌واتای وشه ئه‌و وڵاته بووه‌ته بازاڕێكی ئازاد بۆ بازرگانه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان و كۆمپانییه خۆماڵی و بێگانه‌كان، كه به‌ئاره‌زووی خۆیان ته‌راتێنی تێدا ده‌كه‌ن.
ئه‌م كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییانه وا قوڵبوونه‌وە تا گه‌یشتنه به‌شبوونی ANC و ڕوودانی خۆپیشاندانی گه‌وره و مانگرتنی كاریگه‌ر، ئه‌و وڵاته شۆڕشی ڕاسته‌قینه‌ی پێویسته. به‌ڵام ئه‌مه ڕونادات هه‌تا كه‌سه پیرۆز و كۆنه‌كانی نێو گروپ و ڕێكخراوه پیرۆزکراوهكان، پیرۆز بمێنن، چونكه تا ئێستا ئه‌وانیش هه‌ر له‌سه‌ر مێژووی كاپیتاڵ و سه‌رمایه‌ی ڕابوردوویان ده‌ژین.
داهاتووی كوردیش له‌و چه‌شنه‌ی كه تۆ باستکردووە، ئایەندهیهكی له‌وه باشتری نابێت. ئێمه ئه‌مانه‌مان زۆر له‌لا ڕۆشنن و ئه‌وه به ڕاست نازانین، كه بڵێین مادام ئه‌م فەرمانڕەواییە هەرێمییە هه‌نگاوێكی دیکە ده‌مانباته پێشه‌وه، با ئێمه‌ش ئێستا ده‌ستبه‌رداری پرنسپڵی خۆمان بین و له ئێستادا خه‌بات بۆ پتەوکردنی ئه‌مه بكه‌ین و دوای ئه‌وه ده‌ست به‌خه‌بات بۆ ئه‌وه‌ی كه باوه‌ڕمان پێی هه‌بووه، بكه‌ینه‌وه. گرتنه‌به‌ری ڕێگەی پێچوپه‌نا و درێژخایه‌ن، خزمه‌ت به پرسكه‌مان ناكات، بگره سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه به‌م ڕێگەیه ناگه‌ینه ئامانجه‌كانمان، هه‌روه‌هاش بیر و هۆش و جوڵهشمان ده‌وه‌ستێنێ و ده‌مرێنێت.
هه‌ڵوێستی ئێمه، خه‌باتی ئێمه له‌م پرسه‌دا دوولایەنە: له لایه‌كه‌وه ئێمه پشتگیری خۆمان بۆ پرسی ڕزگاری نه‌ته‌وەیی (نەمانی ستەمی نەتەوەیی) ڕاده‌گه‌یه‌نین، چونكه ده‌زانین چه‌وساندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، ڕه‌گه‌زێك، دینێك یا مه‌زهه‌بێك، ته‌نانه‌ت تاكێكی ناو کۆمەڵگە، ئه‌مه بە واتای نه‌بوونی دادپەروەری کۆمەڵایەتییە، واتە هه‌بوونی ستەم و زۆر و ده‌ستدرێژی له‌سه‌ر مافی كه‌سێك یا لایه‌نێك یا نه‌ته‌وه‌یه‌كی دیکە. ئه‌مه ڕوانگه‌ی ئێمه‌یه و ئا له‌مه‌وه ئێمه هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرین و به‌رگری لێ ده‌كه‌ین.
لایه‌نه‌كه‌ی دیکەی خه‌باتی ئێمه، یا هه‌ڵوێستی ئێمه، كۆڵنه‌دانه له‌وه‌ی كه باوه‌ڕمان پێی هه‌یه و خه‌باتی بۆ ده‌كه‌ین و هه‌وڵده‌دەین به یه‌كگرتن و هاوکاری لەتەك ئه‌وكه‌س و لایه‌نانه‌ی دیکەدا كه به هۆشیاری خۆیان گه‌یشتون یا ده‌گه‌نه ئه‌و ڕاستییه، كه خه‌بات له شانی ئێمه‌وه بكه‌ن. ئه‌مه‌ش به هه‌وڵدان، به مشتومڕی به‌ڵگه‌یی و باسكردن له ئەزموونی خەبات لە وڵاتانی دیکە و ڕێزگرتن له بیر و بۆچوونیان و مامه‌ڵه‌كردن لەتەكیاندا به گیانێكی دوور له سكتاریستییهوه . ئیدی له هه‌ر بوارێكدا بێت.
با ئه‌وه‌شمان له بیر نه‌چێت، گه‌رچی ئێمه ئامارێكمان به‌ده‌سته‌وه نییه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ی بزانین هه‌بوونی میری هه‌رێمی كوردی له كوروستانی بەشی عیراقدا كه ماوه‌ی 19 ساڵه به‌رده‌ه‌وامه، كه‌چی شتگه‌لێكی زۆر كه‌میان بۆ خه‌ڵك کردووە، هەر لەبەرئەوە ئه‌م ئەزموونه پرسی نه‌ته‌وایه‌تی و دەوڵەتی نه‌ته‌وه‌یی زۆر كاڵ كردۆته‌وه.
بۆچوون و ڕوانگه‌ی ئەناركیستی سه‌باره‌ت به ئایندهی كێشه یا پرسی كورد چۆنه؟
ئێمه له وه‌ڵامی پرسیاری پێشووتردا هه‌ڵوێستی خۆمانمان بۆ باسكردن بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی زیاتر ده‌ڵێین، ئێمە وەك ئەناركیست هەمان هەڵوێستمان بەرامبەر پرسی ڕزگاری نەتەوەیی كوردەكان هەیە، كە لە بەرامبەر پرسی ڕزگاری نەتەوەیی بلوجەكان و فه‌له‌ستینییه‌كان و تامیلەكان و كەمینە ژێردستەكانی دیكە هەمانە. هەروا خوازیاری سەربەخۆیی ناوچە كوردنشینەكانین لە پێكهاتەیەكی فیدراتیڤیدا، هەرواش خوازیاری هەمان مافین بۆ توركمانەكان و ئاشوورەكان و ...تد. بەڵام ئایا ئەگەر ئازادی بڕیاردان و سەربەخۆیی لە پێكهاتندا هەبێت، هوشیاری بنیاتنانی كۆمەڵگەی ئازاد و یەكسان هەبێت، مرۆڤەكان بە هەمان شێوەی ئێستا خۆیان لەسەر بنەمای كوردبوون، بلوجبوون، توركمانبوون، ئاشووری بوون، جیادەكەنەوە؟
ئەركی ئێمە ئەناركیستەكان لێرەدا بەرجەستە دەبێت، هوشیاری و ئاگاداركردنەوە، ڕێكخستن و هەڵخراندن، كاركردن بۆ پێكهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ئەنجومەن و ڕێكخراوە لۆكالییەكان ، وەك بەردی بناخەی یەكگرتنی ئازادانە و كۆمەلایەتییانەی دانیشتوانی گوند و گەڕەك و شارەكان و كارگە و فەرمانگە و خوێندنگە و ناوەندەكانی دیكەی ژیان، كە ئاراستە ڕامیارییە دەسەلاتخواز و جیاوازی دروستگەرەكان پوچەڵ دەكەنەوە..
سۆشیالیزم چ ڕۆڵێكی له خه‌باتی سه‌ربه‌خۆیی كورددا گێڕاوه و ده‌گێڕێت؟ هه‌روه‌ها ئایا هیچ ئازادیخوازییهك یا دژهدەسەلاتخوازییەك له سۆشیالیزم‌دا به‌رخورد كراوه؟ ئایا مێژوییه‌كی ئەناركیستانه له ناوچه كوردییه‌كانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا هه‌بووه، كه ئێوه په‌نجه‌ی بۆ ڕاكێشن؟
بۆ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره پێویست ده‌كات، په‌نجه بخەینە ڕاستییه‌ك، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه، كه سوشیالیزم و پارت و گروپه سۆشیالیسته‌كان و بزووتنەوەكه‌یان نه‌ك هه‌ر له كوردستانی بەشی عیراق و به‌شه‌كانی دیکەشدا به‌ڵكو سه‌رجه‌می وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوه‌ڕاست و وڵاته ئهفریکیهكانیش، وەك پێداویستییەکی كۆمه‌ڵایه‌تی له دەروون و ویستی خه‌ڵكه‌وه دروستنه‌بوون واته به سروشتی له دایك نه‌بوون، به‌ڵكو دروستکراو و تهواوگهری ڕامیاری ڕوسیای سۆڤیەتی بوون و دواتریش كه چین دروست بوو و كه‌وته ململانێی توندوتیژه‌وه لەتەك ڕوسیەدا، ئه‌و ململانێیەش بە ڕۆڵی خۆی له‌ناو هه‌موو پارت و گروپه سۆشتالیستهكانی ئه‌م وڵاتانه و بزووتنەوەكانیاندا ڕه‌نگی دایه‌وه.
گه‌ر ڕۆشنتر بڵێن، ئه‌و پارت و گروپه سۆشیالیستانه هه‌ڵگری هه‌مان ڕامیاری سۆڤیەت یا چین بوون، خۆ ئەگه‌ر چین یا سۆڤیەت په‌یوه‌ندی لەتەك میری ئه‌و وڵاته‌ی كه ئه‌و پارتانه‌ی تێدا بوون، باش بووبێت ئه‌وا په‌یوه‌ندی پارتەکانیش لەتەك میرییەكاندا باش بووه، پێچه‌وانه‌كه‌شی هه‌ر ڕاسته. باشترین نموونه‌ش په‌یوه‌ندی پته‌وی نێوان سۆڤیەت و عیراقی سه‌رده‌می (ڕژێمی به‌عس)ه له نێوان ساڵانی 1970 تا 1975 ، كه سه‌دام حوسه‌ین گه‌رچی كه‌سی یه‌كه‌م نه‌بوو له ده‌سه‌ڵاتدا، به‌ڵام هه‌موو شت بوو و پارتی کۆمونیستی عیراق لەتەك ئه‌و ڕژێمه‌دا له به‌ره‌یه‌كدا بوو، كه به‌هه‌ردووكیان دژایه‌تی بزووتنەوەی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كوردیان له ساڵی 1974دا ده‌كرد، كه مسته‌فا بارزانی سه‌ركرده‌ی بوو و له هه‌مان كاتیش‌دا ڕژێم له‌ژێره‌وه ده‌ستی كرد به ڕفاندن و كوشتنی ده‌یان كادیری چاكی ناو پارتی کۆمونیست به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه سه‌باره‌ت به بهرهكایان لەتەك ڕژێمدا گله‌ییان له هه‌ڵوێستی پارتەکەیان هه‌بوو. كه‌واته ئه‌م پارت و ڕێكخراوه کۆمونیست و سۆشیالیستانه هه‌ڵگری ڕامیاریی تایبه‌تی خۆیان نه‌بوون، كه ده‌بووایه خزمه‌تی كرێكاران و ڕه‌شه‌خه‌ڵكه‌كه‌ی عیراق هه‌تا كێشه‌ی كوردیشی بكردایه. هه‌روه‌كو پێشتر باسمان كرد، ئه‌و پارتانه و بزووتنەوەكهشیان نه‌ك قازانجێكیان به كێشه‌ی كورد نه‌گه‌یاندوه یا کێشەکەیان نه‌بردۆته پێشه‌وه، به‌ڵكو زیانێكی گه‌وره‌شیان لێداوه و خۆشیانیان پێ ناشیرین كردووه.
به‌كورتییه‌كه‌ی بە بڕوای ئێمە، لەوێدا كە فێرگەی سۆشیالیزمی دەسەلاتخواز (مارکسیزم و ئیزمە پاشڕەوەکانی دیکەی) بەسەر بزاڤەكەدا زاڵبووە، نەیتوانیوە ڕۆلێكی پۆزەتیڤ ببینێت. ئیتر ئەو ئاراستەیە پڕۆ-ڕوس بووبێت یا دژی.. چونكە بۆ ئەوان پرسە كۆمەڵایەتییەكان ئامرازن بۆ گەیشتن بەدەسەڵات، هەروەك ناسیونالیست و مەزهەبی و لیبرالەكان ئەو پرسانە بۆ هەمان مەبەست بەكار دەبەن.. دەتوانین بڵێین لە دوو سەردەمدا بیری سۆسیالیستی لەو شێوەیدا كە هەبووە، توانیویەتی دەمارگری نەتەوەیی كەم بكاتەوە، ئەو سەردەمەش پەنجاكان و هەشتاكانی سەدەی ڕابوردوو بوون. بەڵام بەداخەوە كاتێك كە دەستی ئەو دوو ئاراستە پڕۆ-بۆلشەڤیك و پرۆ-ماوییە دەردەكەوێت و بەدوایدا شكستی بلۆكی سۆشیالیزمی دەوڵەتی دێت. ئیتر ئەو كارایە پێچەوانە دەبێتەوە و زۆر بە نیگەتیڤی دەشكێتەوە. تەنانەت پاگەندەگەرانی ئەو دوو ئاراستەیە یا دەبنە مەزهەبی توندڕەو یا دەبنە ناسیونالیستی توندڕەو.
بۆ وه‌ڵامی به‌شی كۆتایی هه‌مان پرسیارتان، ده‌ڵێین ئه‌وه‌نده‌ی ئێمه به‌ئاگابین مێژوویه‌ك نییه به‌ناوی مێژووی ئه‌ناركیستانه ( مێژووی ئەنارکیزم) له ناوچه كوردییه‌كانی خۆرهەڵاتی ناوه‌ڕاستدا نەبووە یا دەرنەکەوتووە تاكو ئێمه په‌نجه‌ی بۆ ڕابكێشین.
ئه‌ی سه‌باره‌ت به ئه‌مڕۆ؟ ئایا ژماره‌یه‌كی زۆری چالاكی كوردی ئەناركیست له خۆرهەڵاتی ناوه‌ڕاستدا هەن، یا خود زۆربه‌یان له خه‌ڵكه هه‌ڵكه‌ندرا و ئاواره‌كانن؟
لەمەر ئەوەی كە كەسانێك بە ئەناركیستە كوردزمانەكان ناوبەرین، لەوانەیە پێشتر وەك تاك هەبووبن، بەڵام نە خۆیان و نە ئایدیاكانیان لە ئاستی كۆمەڵگەدا ناسراو نەبوون. ئەوانەش كە لە دەرەوە بوون، تا پێش ساڵی 2000 دەنگێكی وا نەبووە، كە لە ئاستی كۆمەڵگەدا ناسراوبێت.. دیسانەوە ئەگەر كەسانێك هەبووبن، ئەوا ناسراو نەبوون و بە ئاشكرا وتار و ڕەخنە و كارییان نەبووە.
دەتوانین بڵیین یەكەمین تێكستگەلێك كە بۆنی ئەناركیزم یا سۆشیالیزمی ئازادیخوازییان لێ هابێت، هی ئێمە بوون، كە لە سەرەتای ساڵی 2000 گۆڤارێكمان بەنێوی “ دالیان” بڵاو دەکردەوە و تا بەهاری 2003 بەردەوام بوو و لەو ماوەدا 12 ژمارەی وەرزانەی لێ دەرچوو. ڕاستە بەنێوی ئەناركیزم نەناسرابوو، بەڵام زۆربەی نووسەرەکانی ئەناركیست و ئەوانی دیكەش ئازادیخواز و سەربەخۆ بوون. بەڵام بە دڵنایییەوە دەڵیین کە “سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستان-KAF) یەكەمین مینبەری ئەناركیستییە بە زمانی كوردی و نووسەرانیشی یەكەمین كەسانێكن، كە خۆیان بە ئەناركیست ناساندووە. یەكەمین كەسانێكن كە تێكستی ئەناركستیییان وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی و كاریان بۆ ڕاستكردنەوەی واتای شێوێندراوی واژە یا چەمکی” ئەناركیزم” كردووە. هەروا لە هەر چوار پارچەكەشدا یەكەمین سایت و مینبەر بووە. تا ئەوەندەی ئێمە ئاگادار بین پار ساڵ، لە كوردستانی بەشی توركیە گۆڤارێك بە نێوی “ Qijka Reş - قیژکا ڕه‌ش – Corvus ” دەرچوو و ئێستاش بەردەوامە و خاوەنی پێگەی ئینتەرنێتین.
شایانی باسە لەم ساڵانەی دواییدا پاش شکستخواردنی بزاڤی چەکداری و پەرەسەندنی بزاڤە کۆمەلایەتییەکان لە ناوچە کوردنشینەکان، هاودەمی پەرەسەندنی بزاڤی ئەنارکیستی لە تورکییە، زەمینەی سەرهەڵدانی ئەڵتەرناتیڤێكی سروشوەرگرتوو لە ئەنارکیزم وەك بەرەنجامی بوژانەوەی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان، ڕەخساوە، کە ئەمەش بەڵگەی ناکۆکبوونی بزاڤی کۆمەڵایەتییە بە بزاڤی چەکداری و لەوێدا کە بزاڤی چەکداری بەهێز بێت، بزاڤی کۆمەڵایەتی دەچێتە سێبەرەوە و لەوێدا کە بزاڤی چەکداری شکست دەخوات، بزاڤی کۆمەلایەتی دێتەوە مەیدان. هۆکاری ئەمەش ڕۆشنە، کە ئەوەیە هۆشمەندی و مێنتا‌ڵیتی میلیشیایی، ویست و توانا لە تاك دەسێنێتەوە و بە بەبەهشتە بەڵیندراوەکان خۆشباوەڕی دەکات، لە بەرامبەریشدا کاتێك کە سێبەری شومی میلیشیاکان لەسەر هۆشمەندی تاك دەڕەوێتەوە و تاك لە دەرەوەی خۆی هێز و پەنایەکی ڕزگاگەر نابینێت، لەوێدا وەك توخمێکی دەربەست و بڕوابەخۆ دێتەوە مەیدان. ڕێك ئەمە لە شارە کوردنشینەکانی تورکیە ڕووی دا و لە ڕوودانی بەردەوامیشدایە. لە چەند ساڵی ڕابوردوودا ڕەوتی ئەنارکیستی لەناو بزاڤە کۆمەلایەتییەکاندا زۆر بەرچاو گەشە کردووە و کارایی لەسەر هەوڵ و بزاڤەکان داناوە و تۆڕە کۆمەلایەتییەکان بەڵگەی ئەو کاراییە و ئەو ئاماەییەن، کە 180 پلە ڕەتگەرەوەی بزاڤی چەکداری و ئاسۆ و ئامانجە ناسیونالیستی و دەوڵەتگەراییەکەین.
بەداخەوە زۆرێك لە چاودێران و تەنانەت ئەنارکیستەکانی ئەوروپا ئەم ئاڵ و گۆڕ و وەرچەرخانە لەو ناوچەدا و لە پێکهاتەی هۆشمەندی خەڵکدا، بۆ کارایی عەبدوڵڵا ئۆچەلان و وەرچەرخانە نیوەوناچڵەکانی بیرکردنەوەی ئەو، دەگێڕنەوە. بە بڕوای ئێمە بە پێچەوانەوە ئەوە خودی ئۆچەلان و لایەنگرانی ئەون، کە کەوتوونەتە ژێر کارایی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان و بە دیاریکراویش ڕوونانی سۆشیالیستەکانی ئەو دەڤەرە لە هزر و ئایدیاکانی ئەنارکیزم. چالاکانێكی ئەوروپی، کە لە سالانی ڕابوردوودا سەردانی فۆرومە کۆمەڵایەتییەکانی (دیاربەکر 2009 و ئەستەمبول 2010) یان کردووە، ئەو راستییە نکۆڵی هەڵنەگرە دەزانن.
لەبەر ڕۆشنایی ئەو پەرەسەندنە بەرچاوە لە هوشیاری کۆمەڵایەتی ناوچە کوردییەکاندا، دەتوانین قسە لە بوونی ژمارەیەکی زۆر لە تاك و چالاکانی ئەنارکیست یا سۆزدار بۆ ئەنارکیزم بکەین و لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان و تەنانەت ئاهەنگە نەتەوەییەکانی وەك نەورۆزدا بە ئاشکرا ئەنارکیستەکان بە ئاڵانی ڕەش یا ئاڵای نیوەڕەش و سوورەوە ببینین. دەرچوونی گۆڤاری “قیژکا ڕەش- Qijka Reş” بەڵگەیەکی دیکەی ئەو ئامادەییەیە.
بەڵام بەداخەوە لە بەشەکانی دیکەی (سوریە و عیراق و ئێران)دا ئەو ئامادەییە مەیدانییە نابینین. ئەوەش هۆکاری خۆی هەیە و لێرەدا هەوڵ دەدەین بە کورتی ڕۆشنی بکەینەوە. بارودۆخی وڵاتی سوریە *** بە گشتی دیارە و هیچ بزاڤێکی کۆمەڵایەتی و ڕامیاریی ناتوانێت ئامادەبوونی خۆی نیشان بدات و خۆی دەر بخات. هەروەها لە بەشی عەرەبنشینی ئەو ولاتەدا بە پێچەوانەی تورکیەوە کە لە شارەکانی خۆراوایدا بزاڤی ئەنارکیستی ئامادەیی هەیە و بوونی خۆی سەلماندووە، هەروەك بەشە کوردنشینەکەی ناتوانین قسە لە بوون یا نەبوونی بکەین، هەرچەندە بە لۆجیکی نەبوونی سێبەری میلیشیاگەری لە سوریەدا، دەکرێت لە ژێرزەمیندا کۆڕ و کۆمەڵی ڕۆشنگەری ئاوا هەبن. لە کوردستانی بەشی عیراقدا، کە زۆرێك لە ئێمەوە لەوێوە هاتووین، لەبەر ئەوەی کە بەگشتی ئەنارکیزم تەنیا بەو واتا نیگەتیڤە ناسراوە، کە دژەکانی چواندوویانە و بەشی خوارووی عیراق بەداخەوە تائیستا ئەوەندەی ئێمە بزانین، بزاڤی ئەنارکیستی لە مەیداندا نەبووە، بەشی کوردنشین لەوە خراپتر بە درێژایی سێ دەهە بە خەستی لە ژێر کارایی بزاڤی چەکداریدا بووە. لەبەر ئەوە لە هۆشمەندی کۆمەڵایەتی تاك و کۆمەڵدا تەنیا چەك یەکلاییگەرەوە بووە و هانای بۆ براوە. بە ڕاپەڕینی 1991، هیچکات کۆتایی بەو بەرسێبەربوونەی تاك و بزاڤی کۆمەلایەتی نەهات، چونکە هەر زوو جەنگ بووەوە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵك و جەنگی نێوان میلیشیاکان و ڕژێم، گۆڕا بە جەنگی نێوان خودی میلیشیا بەدەسەڵات گەیشتووەکان و تا ساڵی 1998 ئەو بارە سەربازییە بەردەوامی هەبوو و ئامادەیی سەربازییانەی ڕژێمی بەعس و تورکیە و ئێران وەك هەرەشەیەکی هەمیشە ئامادە لەسەر سنوورەکان، هیچ بوارێكیان بۆ ئاساییبوونەوەی کەشی چەکدارانەی سێ دەهەی پێشتر نەدەهێشتەوە. لەو ماوەدا تەنیا بینەری سەرهەڵدانی چەند ڕێکخراوێکی جەماوەری وەك “یەکێتی بێکاران لە کوردستان، کۆمەڵەی ئاوارەکان، ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان و ڕێکخراوەی دیکەی خوێندکاران و کرێکاران ... تد” بووین، کە بەهۆی سەرهەلدانی جەنگی ناوخۆیی و کۆتایی کەشی نامیلیشیایی، لەناوبران یا پوکانەوە. بەداخەوە ئەو ڕێکخراوانە بە زۆری یا پاشکۆی پارتە چەپەکان بوون یا بە هۆی پێکهاتەی هیراشیانەی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی ناوخۆیان، وابەستەی ڕامیاری و تاکتیکی ئەو پارتانە بوون. بەم جۆرە دەبینین کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان دەهەیەکیش پاش راپەڕینی ئازاری 1991 و دەرپەڕاندنی هێزە داگیرگەرەکانی ڕژێمی بەعس، هێشتا هەر بەردەوام لە کەشی میلیشیاییدا ماوەتەوە، ئەمەش وای کردووە، کە جەماوەر و خەباتی جەماوەری ئەوەندە لە پێناو کۆتاییهاتن بە جەنگە ناوخۆییەکاندا بووە، ئەوەندە نەیپەرژاوەتە سەر بوارەکانی دیکەی مافی تاك و ئازادییەکان و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی. هەربۆیە کاتێك لە ساڵی 2006 بەملاوە وەك بەرەنجامی کۆتایی جەنگە ناوخۆیی و دەرەکییەکان و ڕوخانی ڕژێمی بەعس [کە بیانوویەکی جادووئامێز بوو بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم هەم شانی خۆیان لە وەلامی داخوازییەکانی خەڵك خاڵی بکەنەوە و هەم بزاڤەکانی پێ تاوانبار بکەن]، بزاڤە کۆمەلایەتییەکان دێنە مەیدان، لەبەرئەوەی کە نە خاوەنی ڕێکخراوی سەربەخۆی لەدایکبووی ناڕەزایەتی و خەباتی ڕۆژانەن و نە ئاشنایەتییان بە شێوازە ئازادیخوازیی و جەماوەرییەکانی خەباتی کۆمەڵایەتی هەیە. ئەگەر سەرنجی خرۆشانە جەماوەرییەکەی دوومانگی ڕابوردوو*** ئەوەی لە 17ی فێبریوەرییەوە دەستی پێ‌کرد و پاش دوو مانگ بە لەشکرکێشی و هێزی دژە-تیرۆر و پۆلیس سەرکوت کرا، دەبین، هەم لەبەر نەبوونی سوونەت و هۆشیاری خەباتی کۆمەلایەتی و نەبوونی ڕێکخراوی سەربەخۆی جەماوەری و تۆڕ و فۆرومی کۆمەلایەتی، زۆر بەئاسانی لەلایەن ئۆپۆزسیۆنی دەسەڵاتخوازەوە (لیستی گۆران و ئیسلامییەکان) لە ناوەڕۆك و خواستەکانی خاڵی دەکرێ و ڕۆژانە کار لەسەر دەستەمۆکردنی دەکەن و هەم بە ئاسانی لە ڕێی هێزی سەربازی و پۆلیسی مەشقدراوی ولاتانی خۆراواوە سەرکوت دەکرێت.
بەپێچەوانەوە لە ئێران و بەشە کوردنشینەکەیدا لەبەرئەوەی کە ئۆپۆزسیۆنی چەکدار لە سی ساڵی رابوردوودا ئامادەیی مەیدانی وەك ئەوەی لە کوردستانی بەشی عیراقدا هەبوو، لەناو خەڵکدا نەبووە، خەباتی جەماوەرییانەی کۆمەڵایەتی چ لە شار و چ لە گوندەکاندا بە جۆرێك ئامادە بووە و خەڵکی ئاشنایەتی بە شێوازەکانی ئەم شێوە خەباتە هەیە، کە مانگرتنە گشتییەکانی چەند ساڵی ڕابوردوو نیشانە و بەڵگەی ئامادەیی ئەو هۆشمەندییەن. هاوکات بوونی هوشیاری ئەنارکیستی هەم وەك بەرەنجامی ئامادەیی خەباتی کۆمەڵایەتی و کەمکارایی بزاڤی چەکداری و هەم وەك ئامادەیی هزر و ئایدیا ئەنارکیستییەکان لە راپەڕینی ڕێبەندانی 1979دا، بەشی کوردنشینیش لەو کاراییە بەدەر نەبووە و لە ئێستاشدا چەندین کۆڕ و کۆمەڵی ئەنارکیستی چالاك لە بزاڤە کۆمەلایەتییەکاندا هەن، بەڵام بەداخەوە لەبەر کەشی سەرکوتگەرانەی ڕژێمی ئیسلامی بەتابەت لە کوردستاندا کە بارودۆخێکی سەربازییانەی زۆر زەقی بەخۆوە گرتووە، چالاکانی ئەنارکیست وەك کوردستانی بەشی تورکیە نەیانتوانیوە، خاوەنی گۆڤار و بڵاوکراوەی خۆیان بن و بە ئاشکرا چالاکی بکەن و خۆیان بە ئەنارکیست ناوزەد بکەن. تا ئەوەندەی ئێمە ئاگادار بین، هەم لەناو بزاڤی کرێکاری و هەم لەناو بزاڤی خوێندکاران و لەناو بزاڤە کۆمەڵایەتییە ڕۆژانەییەکاندا ئەنارکیستەکان وەك تاك ئامادەییان هەیە.
بە دیاریکراوی، ئەوانەی کە بۆ فۆرومی ئەنارکیستانی کوردستان دەنووسن و هاریکاری دەکەن، فرەتر لە دەرەوەن، لە ئەوروپان. بەڵام وەك خۆتان دەزانن شێوە ڕێکخستنی ئەنارکییەکان کۆڕ و کۆمەڵی گچکەی ناسێنترالیست و گروپی کاریی و لۆکاڵین. لەبەرئەوە ناکرێت بە بوون یا نەبوون قسە بکەین. چونکە لە بارودۆخی ڕامیاریی وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناویندا بە تایبەت ئێران، سوریە و عیراق، زەمینەی کاری ئاشکرا و فۆرومی ئاشکرا و چالاکی ڕامیاریی ئاشکرا یا لەبار نییە، یا تووشی دەردیسەری سەخت دەبێت. لەولاشەوە لەبەر ئەوەی کە ئەنارکیستەکان دژی گروپگەری ڕامیاریی و دەستەگەرین، لە بەرامبەردا گروپی کاریی لە خەباتی کۆمەڵایەتیدا بەرتەری پێدەدەن، باری کۆمەڵایەتی و ڕامیاریی ئەو وڵاتانەش لەوە زیاتر بوار نادات. تا ئەوەندە ئێمە ئاگادار بین، سەندیکا و ڕێکخراوی جەماوەری و پیشەیی لەژێر کارایی ئایدیا و شێوازی ڕێکخستن و بەرێوەبەرایەتی هەرەوەزییانەی ئەنارکیدا نییە، ئەگەر هەشبێت، لەوانەیە زۆر لاواز و لە باری کۆرپەلەییدا بێت.
ئێوه بۆچوونتان بەرامبەر پەکەکە چییه؟ ئه‌ی سه‌باره‌ت به PJAK پژاك چی دەڵێن؟
پەکەکە و پژاك هەر یەکن یا وردتر بڵیین، پژاك یەکێکە لە باڵەکانی بەشبوونی پەکەکەی جاران بەسەر چوار وڵاتەکەدا (تورکیە، ئێران، عیراق و سوریە)، دەکرێت بڵیین پژاك ڕێکخراوی خۆرهەڵاتی پەکەیەیە. پژاك و پێكاكا، پێش هەموو شتێك دوو ڕێكخراوی هیرارشی ڕامیاری و میلیشیایین، كە هیچ نزیكایەتییكیان لەتەك سۆشیالیزمی ئازادیخوازانە (ئەنارکیزم) نییە. ئەوان خەریكی پاگەندەی ناسیونالیستین و لە ئەلفەوە تا یا، لەتەك ئێمە جیاوازن. دەتوانن نزیكیایەتییان لەتەك سۆشیالیستە دەسەلاتخواز و هیرارشییەكان هەبێت. تا ئەوەندە دەگەریتەوە سەر ئەو گۆرانانەی كە لە بۆچوونی ئۆچەلاندا بەدی دەكرێن. یەكەم زۆر جێگەی دڵخۆشی نین، دووەم، لەناو ڕیزەكانی ئەو ڕێكخراوانەدا بە ئاستی گۆرانەكانی بۆچوونی خودی ئۆچەلان هەست بە گۆران ناكرێت. راستە ئەوان لە ڕێكخستنی خەباتی جەماوەریدا ئاوڕیان لە بنەمای فیدراتیڤی داوەتەوە و قورساییان خستوەتە سەر خەباتی كۆمەڵایەتی. بەڵام ئەمە نایانكاتە خزمی ئەناركیزم. چونكە ئۆجلان دەستبەرداری ئۆتۆریتەگەری و دەستەمۆكردنی بزاڤەكە نەبووە و دووەم، ئەوان هێشتا هەڵگری شوناسی نەتەوەیین و دەستبەرداری نەبوون. تا ئەوەندەی دەگەرێتەوە سەر پژاك، كەمتر لە ڕیزەكەكانی پێكاكا لە توركیە، كەوتوونەتە بەرگۆران و كارایی گۆرانەكانیان لەسەر كەمترە.
بە بڕای ئێمە کەی پارچەکانی پەکەکە دەستبەرداری خەباتی چەکداری بوون و خەباتی کۆمەڵایەتی ناوەندەکانی کار و ژیانیان کردە مەیدان، کەی ڕێکخراوە سێنترالیستەکانیان لۆکا‌ڵی و ناسێنتراڵ کردوەوە، کەی بانگەوازی مەرگی کارێزما و ئۆتۆریتەگەرییان کرد، کەی دەستبەرداری پەیوەندییە هەرێمی و جیهانییەکان لەتەك دەوڵەتەکانی خۆراوا و خۆرهەڵات بوون، کەی دروشمی دژەدەسەڵات و سەروەرییان بەبێ پەردە و شەرمنۆکی بەرزکردەوە، ئەوسا دەکرێت، ئێمەش بەرامبەر کار و بیرکردنەوەیان هەست بە نزیکایەتی و خۆشبینی بکەین. بەڵام بەداخەوە ئێمە لە ئێستادا لە دەمی قسەگەرانی باڵەکانی پەکەکەوە بەتایبەت لە ئێران و عیراق، هەست بە گۆڕان ناکەین و ناکرێت بە ڕوودانی گۆڕانی گەورە و ڕیشەیی لە بەستەڵەکی ئایدیۆلۆجیای ناسیونالیستی و دەسەلاتخوازیی لێپرسراوان و ئەندامانی سەرکردایەتییاندا هیوادار بین.
ڕای ئێوه له‌سه‌ر ئه‌و جه‌نگه‌ی كه ئه‌مه‌ریكا له ساڵی 2003 دژی عیراق سه‌ركردایه‌تی كرد، چیه؟ ده‌ركه‌وت كه کۆمیونیتی كوردی له عیراق لایه‌نگیرییه‌كی زۆری ئه‌و داگیركرنهی كرد، ئه‌مه كه ناكۆكه به هه‌ڵوێستی ئەناركیسته‌كان له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا كه له‌و كاته‌دا له بزووتنەوەی دژی ( ئه‌نتی) شه‌ڕه‌دا زۆر چالاك بوون. ئه‌م ناكۆكیه چۆن ده‌بینن ؟
ئێمە ئەو كات و ئێستاش دژی شەڕین و دژی شەڕیش بووین، ئیتر ئەو شەڕە لە كوردستان بێت یا باشووری ئەفریكا.. ئێمە هەمان هەڵوێستی هاوڕێیانی دژی شەڕمان هەبووە و هەیە.
هۆ و فاكته‌ری هانده‌ری داگیركردنی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا به یارمه‌تی هه‌ندێك وڵاتانی دیکە، لای ئێمه‌ش وەكو هه‌موو لایه‌كی دیکە ڕۆشنه چ له له داگیركرن و بردن به‌به‌لاشی سامانی سروشتی و ناسروشتی عیراق و به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆیان له‌وێ و نیشاندانی خۆیان وه‌كو هێزێكی گه‌وره و كارامه و لێهاتوو دژی ڕژێمی ئێران و سوریا و پارێزگاریكردن له كوێت و وڵاتانی دیکەی كه‌نداو و ئیسرائیل تاقیكردنه‌وه‌ی چه‌كه تازه‌كانیان و خستنه‌ژێرباری وڵاتانی دیکە تاكو مامەڵە و گرێبەستی سه‌ربازییان لەتەكدا ببه‌ستن له پاڵ ئه‌مانه‌شدا بۆ به‌ده‌ستهێنانی به‌رژه‌وندی ئابووری زیاتری خۆیان و كۆمپانیا گه‌وره‌كانیان بره‌وپێدانی دەستتێوەردانی بانکی جیهانی و سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و زاڵبوونیان له هه‌موو بواره‌كانی ژیانی خه‌ڵكیدا و گه‌لێك هۆی دیکەیش . ئێمه له‌م ڕوانگه‌یه‌وه دژایه‌تی جه‌نگی دژ به عیراقمان کردووە.
سه‌باره‌ت به‌ڕۆڵی کۆمیونیتی كوردیش له سه‌پۆرتی جهنگهگهدا، ده‌ڵێین: ڕه‌نگه ڕاست بێت، گه‌ر ئه‌و مافه به‌و کۆمیونیتییه بده‌ین له خۆشحاڵیان به جه‌نگه‌كه، لەبەر ئەم هۆیانەیە، یه‌كه‌م: ڕژێمی سه‌دام حوسه‌ین و پارته‌كه‌ی كه نزیكه ی 35 ساڵ ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر عیراقدا هه‌بوو، له ڕێگەی كوشتن و بڕین و تۆقاندنه‌وه ده‌سه‌ڵاتیان به‌ڕێوه‌ده‌برد، كه كورد له كوردستان و شیعه له خوارووی عیراق و ناوەڕاستیدا، به‌شی شێری ئه‌م كوشتن و بڕینه‌یان له هه‌موو شێوه‌یه‌كی ئه‌و هێڕشانه‌ی كه ده‌كرانه سه‌ریان، به‌ركه‌وتووه. ئه‌مه وایكرد، كه کۆمیونیتی كوردی به ڕۆڵی خۆی بێهیوا بوو له هه‌ره‌سهێنانی ڕژێمی سه‌دام به هه‌موو ڕێگەكانی دیکە، به تایبه‌ت جه‌نگی یه‌كه‌می كه‌نداو، كه سه‌دام هه‌ر مایه‌وه.
دووهه‌م: بێهیوابوونی کۆمیونیتی كوردی له سه‌رجه‌می پارته ڕامیارییه‌كانی كورد و كوردستان به پارتی کۆمونیستیشهوه كه هیچیان له‌و ئاسته‌دا نه‌بوون، كه بتوانن سه‌دام به‌چۆكدا بهێنن و گۆڕانكاری بكه‌ن.
سێهه‌م: داڕوخانی ڕوسیا و سه‌رجه‌می بلۆكه‌كه‌ی، كه ئیدی لایه‌نێكی دیکە نه‌ما كه كورد هیوای خۆی پێوه ببه‌ستێته‌وه، كه ئه‌م داڕمانه‌ش نه‌ك هه‌ر كاریگه‌ری خۆی له‌سه‌ر کۆمیونیتی كوردی و كوردستان دانا، به‌ڵكو له سه‌رجه‌می کۆمیونیتییهكانی دیکە له هه‌موو دنیادا. چوارهه‌م: پڕوپاگه‌نده‌ی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و وڵاته ئه‌وروپیه‌كان له‌لایه‌ك، كه له دوای ڕژێمی سه‌دام، ڕژێمێكی دیمۆكرتی داده‌مه‌زرێنن و خه‌ڵكی له سایه‌یدا به ئامانج و ئاواته‌كانی خۆی ده‌گات و خۆشی و هه‌رزانی و خۆشگوزەرانییەكی زۆریش بۆ تاكه‌كانی کۆمەڵگەی عیراقی به كوردیشه‌وە ده‌هێنێت، له‌وانه : ئاسایش، كار و ئیش ، ئاو و كارهابا نه‌وت و گاز، فێرگە، خه‌سته‌خانه، زانكۆی هاوچەرخ و پێشکەوتوو... هتد، له‌ولاشه‌وه پارت و گروپه كوردیه‌كانیش به درشمی بریقەدار و درۆوده‌له‌سه و په‌یمانی بێبنەما، ئه‌وه‌نده‌ی دیکە خه‌ڵكی کوردستانیان چه‌واشه كرد.
بەڵێ به‌م شێوه‌یه كۆمیونیتی كوردی ئەوانەی سەر بە پارتە ڕامیارییەكان بوون و ئەوانەی كە به‌ته‌واوی له ئامانجی جه‌نگه‌كه ئاگادار نەبوون، لایەنگرییان لە جەنگ و هاتنی ئەمەریكا كردووە، بێێگومان کۆمیونیتی كوردی و ئه‌ناركیسته‌كان جیاوازییه‌كی گه‌وره و فراوانیان له نێواندا هه‌یه، هه‌ر بۆیه ئاساییه كه هه‌ڵوێستیشیان له‌سه‌ر سەرجهمی پرسەكانی دیکەش هەر جیاواز بێت. پێمانوایه به‌شی دووهه‌می ئه‌م پرسیاره‌تان لەتەك به‌شی یه‌كه‌می هه‌مان پرسیاردا نایه‌ته‌وه به‌وه‌ی كه کۆمیونیتی كوردی و هه‌ڵوێستی له‌و جه‌نگه‌دا به هه‌ڵوێستی ئهناركیستەكانتان چواندووه.
به‌هه‌رحال ئێمه پێمانوایه كه لە ئێستادا کۆمیونیتی كوردی، بە هەمان ڕادە ئامادەییان بۆ پێشوازی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا نییه. چونكە خەڵكی لە هەرێمی كوردستان، ئەو خەڵكە نییە، كە لە ساڵی 1992دا بە ڕێژەیەكی زۆر دەچوونە پای سندوقەكانی دەنگدان بە پارتە ڕامیارییەكان، هەروەها هەمان خەڵك نییە، كە ناسیونالیزم چاوی كوێر كردبوو. خەڵك ئێستا ئەوە دەزانێت، كە وەدەرنانی داگیرگەر، كۆتایی پرسەكە و كێشەكان و ستەم نییە. بەڵكو جەنگی خۆی لەتەك دەسەڵاتی بۆرجوازی كورد دەست پێكردووە و خۆتان بینەری ڕووداوەكانی ساڵانی 2006 بەملاوە و بەتایبەتی ئەم دوو مانگەی دوایی بوون، كە دابڕانێكی زۆر لەنێوان دەسەڵات و جەماوەردا بەدی دەكرێت.
ئایا بزووتنەوەیه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی هەبووه یا هه‌یه، وەكو گروپ یا تاك له کۆمیونیتی كوردیدا، كه ئێوه وه‌كو ئەناركیستێك، كه به هیوا یا هۆگری بووبن پێی، گه‌رچی ئه‌و گروپ و تاكانه ئەناركیستی ته‌واویش نه‌بووبن؟
پێمانوایه له وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی پێشودا ده‌توانرێت وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره بەدەست بهێنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی وەڵامەکان دووباره نه‌كه‌ینه‌وه و کاتیش له ئێوه و خوێنه‌ریش نه‌گرین، به‌پێویستی نازانین لێره‌دا زیاتر له‌سه‌ر ئه‌مه بڕۆیین. تەنیا ئەوەندە دەڵێین، کە هیچ کەس و گروپێك نەبووە یا ئێمە ئاگاداری نەبووین، تا سەرنجمانی ڕاکێشابێت، بەڵکو لە ڕەوتی ئەزموونگیری خۆمان (هەر یەکە لە ئێمە)ەوە لەناو کۆڕی خەباتی ڕمیاری ناو پارت و گروپە چەپەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییەکانەوە بە بۆچوون و ئایدیاکانی ئەمڕۆمان گەیشتووین. ئەمەش بەرەنجامی ناکۆکی ئامانج و شێوەکاری گروپە چەپەکان (سۆشیالیستە دەسەلاتخوازەکان) بووە لەتەك ئامانج و بیرکردنەوەی هەر یەکە لە ئێمە.
شایانی باسە، ئاشنایەتی ئێمە و هۆگری ئێمە بۆ ئایدیاکانی ئەنارکیزم وەك هزرێکی ئازادیخوازانە، لە خوێندنەوە و ئاشنابوون بە تێکست و سەرچاوە کلاسیک و هاوچەرخە ئەنارکیستییەکانەوە نەهاتووە، بەڵکو لە یەکهاتنەوە و یەکانگیری و خاڵی ناوکۆیی ئەنارکیزم و بۆچوون و هزری ئێمەوە هاتووە. بە واتایەکی دیکە، ئێمە ئەنارکیستیانە بیرمان کردووەتەوە، هەنگاومان ناوە، ڕەخنەمان گرتووە، کاتێك کە دژە بۆچوونەکانمان بە ئەنارکیست تۆمەتباریان کردووین، ئەمە بووەتە هۆی هاندانی ئێمە بۆ ئاشنابوونمان بە ئەنارکیزم، تاوەکو پەسەندیی و پاڵپشتی بیرکردنەوە و بۆچوونەکانی خۆمانی تێدا بدۆزینەوە، بەمجۆرە ئێمە خۆمان لە ناوەندی کۆڕ و کۆمەڵی ئەنارکیدا لە وڵاتانی ئەوروپیدا دیتوەتەوە.
ئه‌و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانە تازانەی خه‌ڵكی له ناوچه‌ی ژێرده‌ستی میری هه‌رێمی کوردستاندا چۆن ده‌بینن؟ ئایا باوه‌ڕتان وایه، كه بزووتنەوەیهكه ، ئه‌وه‌ی تێدا ببینرێت كه كه كاراییه‌كی له‌سه‌ر بارودۆخه ڕامیارییه‌كه ده‌بێت هه‌ر وه‌كو چۆن له به‌شه‌كانی دیکەی خۆرهەڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌بووه؟
هه‌ڵبه‌ته ئێوه‌ش ئاگادارن، له پاش جه‌نگی داگیرکردنی عیراق و هاتنه ناوه‌وی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و وڵاتانی دیکەی هاوپەیمانیان و ڕژان و به‌خشینه‌وه‌ی پاره‌یه‌كی زۆر به تایبه‌ت دوای سه‌رهه‌ڵدانی " بەرهەڵستی" بۆ ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا و كۆمپانیا بێگانه‌كان، بۆ دڵنه‌واییكردنی خه‌ڵك و ڕاكێشانیان به لای خۆیاندا و دوورخستنه‌وه‌یان له هێزی "بەرهەڵستی" ئه‌م پرۆسێسه کوردستانیشی گرتەوە. له‌لایه‌كی دیکەیشه‌وه ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانییه‌كان ئەگه‌ر چی خۆیان له سه‌ره‌تاوه له بیناكردنه‌وه‌ی عیراقدا پلانێكی وایان نه‌بوو، به‌ڵام گه‌ر ویستبێتیشیان له‌و بواره‌دا شتێك بكه‌ن، ئیدی بووەتە پرسێكی لاوه‌كی و پرسی سه‌ره‌كی بۆ ئەان لاوازكردن و نه‌هێشتی "بەرهەڵستی" گەلی و جەماوەری بوو. هه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌ش وای له‌وه كرد، كه له‌سه‌ر ئاستی کوردستان و عیراقیش، به‌رپرسه‌کانی پارته‌كان و كه‌سه نزیكه‌كانیان و كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت و ئه‌ندامانی په‌ڕله‌مان و هه‌ر هه‌موو ئه‌مانه لەو بارودۆخە سوودمەند بوون، له‌لایه‌كی دیکەیشه‌وه بووته هۆی ئه‌وه‌ی کە له کوردستاندا هیچ لەمپەرێك لەبەردەم تالانگەران و مشەخۆراندا نەبێت و گه‌ر شتێكیش هه‌بووبێت به هیچ شێوه‌یه‌ك نه‌خراوه‌ته كار، ئه‌مانه‌ش بە ڕۆڵی خۆیان بوونەته هۆی دروستبوونی گه‌نده‌ڵییه‌كی زۆری بێ‌سنوور و فه‌رامۆشكردنی کۆمەڵگە و خزمه‌تگوزارییه‌كان و بیناكردنه‌وه‌ی کوردستان چ له بواری كشتوكاڵی و چ له‌بواری پێشه‌سازیدا گه‌لێك شتی دیکەیش له پاڵ نه‌بوونی دادپەروەری كۆمه‌ڵایه‌تییدا.
شتێك کە نابێت، بازی بەسەردا بدەین، خێرایی پرۆسێسی تایبەتیکردنەوەی کەرتە خزمەتگوزاری و گشتیی و دەوڵەتییەکان بوو لەو بارودۆخە ڕەخساوەی پاش جەنگ و پیادەکردنی مەرجەکانی کۆمپانی و ناوەندە جیهانییەکانی وەك سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و بانکی جیهانی لە بەرامبەر ئەو قەرزانەی کە بەسەر عیراقەوە پێشتر هەیانبوون یا پاش جەنگ بەسەر عیراقدا دران و شانبەشانی ئەمانەش مەرجی هاوپەیمانان و ڕژاندنی پارەیەکی زۆر بۆ هێزە بەکرێگیراوەکانیان لە عیراقدا، زەمینەی پارتیی (حزبی)کردنەوەی کەرتە دەوڵەتییەکان لە ژێر پەردەی کەرتی تایبەتیدا چەند کۆمپانییایەکی خێزانی سەرۆکەکان قوت بکەنەوە و داروبەردی ئەو هەرێمە بەناوی کەرتی تایبەتەوە لەسەر خۆیان تۆمار بکەن و لەولاشەوە بەڕەکە لەژێر هێزە رامیاییە ئۆپۆزسیۆنە پارلەمانییەکان دەرکێشن.
هه‌موو ئه‌مانه‌ی سه‌ره‌وه زه‌مینه‌یان بۆ دروستبوونی ناڕه‌زایەتی و به‌رزكردنه‌وه‌ی دروشم و ده‌نگ و داخوازی ڕیفۆرم ئافەراند، كه له سه‌ره‌تادا له شێوه‌ی تاكو دواتر وەك گروپ چ له ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی نیشتمانی و پارتی و چ له‌ناو ڕیزه‌كانی ئه‌واندا، خۆی دەرخست. ئه‌و گروپ و كه‌سانه‌ش هه‌وڵیان ده‌دا، كه ریفۆرم له ناو خودی یه‌كێتی و پارت و دواتریش له میری هه‌رێم دا، بكه‌ن. ئه‌مانه هیچیان سه‌ریان نه‌گرت و مەرامی ڕیفۆرمخوازان شکستی هێنا و سه‌ره‌نجام به‌شێكی بچووكیان ده‌ستیان له كاری ده‌وڵه‌تی و پارتایه‌تی كێشایه‌وه بوون به بەشێك له ناڕه‌زاییده‌ربڕانی ده‌ره‌وه‌ی پارته‌كان و میری.
بەلام هەر لەسەرەتاوە جیاوازییەك لە داخوازی و ئاسۆ و ئامانجی بەشەکانی بزووتنەوەکەدا هەبوو و ڕیفۆرمخوازانی ناو پارتەکان، پاش هاتنەدەرەوە و تۆرانیان و دەرپەراندنیان بە پیلان، کەوتنە سێبەرکردن بەسەر ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکاندا و بۆ ئەوەی بتوانن ئەو بزووتنەوە کۆمەلایەتییە گۆرانخوازە جەماوەرییە بقۆزنەوە و بۆ مەرامی خۆیان بەکاری بەرن، سەرەتا کەوتنە بەرزکردنەوەی دروشمەکانی خەڵکی و تەنانەت نێوی خۆشیان لە داخوازی هەرە سەرەکی خەڵکەوە دەرهێنا، کە “گۆڕان” بوو. بەو جۆرە توانییان ببن بەو ناو دەنگە، کە بە “لیستی گۆڕان” ناسرا. لەمەش واوەتر بۆ خۆگرتن و فراوانکردنەوەی بنکەی جەماوەرییان، خۆیان له پارت و گروپه ئیسلامییەكان نزیک کردەوە و کەوتنە هێزوەرگرتن لەیەکدی لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا و بەوجۆرە تا ئێشتاش ئەو هاریکاریی و کارە هاوبەشەی( لیستی گۆڕان) و لایەنە ئیسلامییە پارلەمانتارییەکان درێژەی هەیە و ئەوەبوو له هه‌ڵبژاردنی 2009 ی په‌ڕله‌مانی کوردستاندا، “لیستی گۆڕان” توانی 25 كورسی له سه‌رجه‌می 111 كورسی له سه‌رانسه‌ری کوردستاندا بەدەستبهێن.
به‌بۆچوونی ئێمه لاوازی ئەم بزووتنەوەیه “بزووتنەوەی گۆرانخوازی” بۆ کۆمەڵێك هۆکار دەگەرێتەوە، هەڵبەتە پێش ئەوە دەبێت ئەوەمان لەبیر نەچێت، کە (بزووتنەوەی گۆرانخواز)ی خەڵکی و (لیستی گۆڕان)، دوو شتی جیاوازن، وەك لە ڕووداوەکانی فێبریوەریدا دیتمان، جەماوەری گۆڕانخواز پەلاماری بنکەی پارتەکانی دەسەلات دەدات و (لیستی گۆران) وەك میدیای دەسەڵات، ئەو جەماوەرە بە ئاژاوەچی دەچوێنیت.
بە بۆچوونی ئێمە ئەمانە هۆیەکانی ناکاممانەوەی بزووتنەوەی گۆرانخوازی خەڵکی و کەوتنە ژێر کارایی ڕامیارە دەسەلاتخوازەکانن:
یه‌كه‌م: وەك پێشتر باسمان کرد، کۆمەڵگەی کوردستان، تائیستاش لە ژێر کارایی پاشماوەی جەنگەکاندایە و ڕۆڵی سەرەکی و یەکلایگەرەوەی میلیشیا و پارتە ڕامیارییەکان لە سەردەمەکانی جەنگزەدەییدا، وایکردووە، کە بزووتنەوەی جەماوەری کەمتر بتوانێت ڕیزی خۆی لە پارتە ڕامیارییەکان بەگشتی و لایەنە پارلەمانتارییەکان جیابکاتەوە و ڕیزی سەربەخۆی خۆی بپارێزیت. هەر لەبەر ئەوە هەردەم زەمینەی خۆشباوەڕیی و پاشکۆگەری بۆ هێزە ڕامیارییەکان تێدا بەهێز ماوەتەوە.
دووەم: ئەو بەشەی کە لەژێر کارایی سۆشیالیزمی دەسەلاتخوازانەدایە، بە هەمان شێوەی لایەنگرانی ئۆپۆزسیۆنی ڕیفۆرمخوازی پارلەمانی، چاویان بڕیوەتە هێزی دەرەوەی خۆیان و چاوەروانی گۆرانی سەرەوخوارن، واتە ناکۆکییەك لە ئاراستە و شێوە کارکردی ئۆپۆزسیۆنی پارلەمانی و چەپدا نییە.
سێیەم: لەبەر ئەو هۆیانەی پێشتر، جەماوەر نەیتوانیوە بە شێوازە کارا و شۆڕشگێڕەکانی خەباتی ڕۆژانە ئاشنابێت، ئەمەش بووەتە هۆی ڕێگری لە گەشتن بە هوشیاری سەربەخۆبوون (ئۆتۆنۆمبوون) و ئاوڕدانەوە لە خەباتی ئابووریی و مانگرتنی گشتی و هەڵخڕاندنی کۆمەڵگە.
چوارەم: نەبوونی هوشیاریی چینایەتی لەمەڕ جیاوازی بەرژەوەندی جەماوەر بەرامبەر هێزە ڕامیارییەکان و دەسەلاتداران، وایکردووە، کە خەباتی ئابووریی و کۆمەڵایەتی لە ئاستێکی زۆر لاوازدا بێت و ئەمەش دیسانەوە هۆکاری دروستنەبوون و پەینەبردنە بە پێداویستی ڕێکخراوە سەربەخۆ شۆڕشگێڕە جەماوەریی و پیشەییەکان. هەر ئەمەشە کە ئاوای کردووە، میری و پارتە ڕامیارییەکان بە چەپ و ڕاستەوە، بتوانن بە ئاسانی لە دروستکردنی ڕێکخراوە زەرد و پاشکۆکاندا لاسایی ڕژێمی پێشوو بکەنەوە و سوود لە زەمینە ئامادە و بەجێماوەکانی ئەو سوونەتە وەربگرن.
پێنجەم: کاتێك کە جەماوەری ناڕازی بەو مەیدانە کاراییانەی خەبات، واتە مەیدانی ئابووریی و کۆمەلایەتی ئاشنا نەبێت و پێشینەی نەبێت و لای نەبووبێتە سوونەت، ئەوا تەنیا بوارێك کە نارەزایەتییەکان تێیدا چەق دەبەستن، بواری ڕامیارییە و لەوێشدا پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ناو پارلەمان و دەرەوەی پارمان، خاوەنی کادیر و قسەگەرانی کارامەن و وەك دیتمان بە کەمترین ماوە، توانییان و دەتوانن، بزووتنەوەکان و ناڕەزایەتییەکان، بەلاڕێدا بەرن.
جیاوازی ئێمە لەتەك چەپ و ڕێکخراوە میریی و نامیرییەکانی بەناو جەماوەری، لێرەدا دەردەکەوێت، کە ئێمە لە بری خۆشباوەڕی بە بەشداری پارلەمانی و چەقەچەقی دەستەبژێرانە و چاوبڕینە دەسەڵات، وەك ئامرازی گۆرانکاری سەرەوخوار لە کۆمەڵگە و بەرێوەبەرایەتیدا، پێ لەسەر خەباتی ئابووریی، ڕێکخستنی سەربەخۆ و خۆکرد، ڕێکخستنی ناهیراشی (زنجیرە یا تۆڕی ئاسۆیی) و پشتبەستوو بە بنەما فیدراتڤەکان، لەبەرچاوگرتنی ڕێکخراوە جەماوەرییە سەربەخۆکان زیاتر لە ڕێکخستنێکی داواکاریی، بەڵکو لەبەرچاوگرتنیان وەك فێرگەی پەروەردەکردنی مرۆڤی کۆمەڵگەی ئازاد و ئامرازی بەڕیوەبەرایەتی و جێبەکردنی کاروبارەکانی کۆمەڵگەی ئەنارکی (سۆشیالیستی ئازاد). هەروەها ڕێکخستن و پێکهێنانی ئەنجومەن و کۆمونە و هەرەوەزییە گەڕەکیی و گوندیی و لۆکالێیەکان و گرێدانەوەیان لە فێدراسیۆن و کۆنفێدراسیۆنەکاندا لە پێش و پاشی ڕووداوەکاندا، بەپێچەوانەی ئاکسیۆنگەرەکان و سیتواتسیۆنچییەکان، کە تەنیا لە هەوڵی قۆستەنەوە و زاڵبوون بەسەر بزاووتنەوەکاندان، ئێمە مانگرتن و خۆپیشاندانی کت‌وپڕ و دەسبەسەرداگرتنی ناوەندەکانی کار و خوێندن و فەرمانگە و دەزگەکان لە بارودۆخی گونجاو و هەڵچوونە گشتییەکاندا و ڕێکخستنەوەیان لەسەر شێوازی کۆبوونەوەی گشتی و بەڕێوەبەری هەرەوەزی و بڕیاردانی ئازاد، بە شێواز و ئەڵتەرناتیڤی گونجاو دەبینین.
جیاوازییەکانی “لیستی گۆران” و بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی 2006 بەم لاوە، بەتایبەت خۆپیشاندانەکانی فێبریوەری و دواتردا :
یەکەم: داواکاری سەرانی ئەم لیستە (لیستی گۆڕان)، وەك کۆنە ئەندامانی پارتە دەسەلاتدارەکان، سەرەتا ڕیفۆرمی ناو سەرکردایەتی پارتەکانیان بوو و پاشان بە ناچاری و بەهۆی دەرپەراندنیان، کەوتنە داخوازی ڕیفۆرمی ناو ڕیزەکانی پارتەکانیان و دواتر لە ژێر کارایی بزووتەنەوەی خەڵکیدا و بۆ کەمڕەنگکردنەوەی بزووتنەوەکە، داخوازی نەهێشتنی گەندەڵییان بەرزکردەوە، کە ئەمەش لە داواکردنی بەشە تاڵانی زیاتر، هیچی دیکە نەبوو.
دووهەم: سه‌ركرده‌كانی ئه‌م بزووتنەوەیه یا به‌شێكی زۆریان خۆیان له یه‌كێتی نیشتامانییهوە هاتوون، ئه‌مانیش تا ئه‌و كاته‌ی كه له ئەوان جیابوونه‌ته‌وه له گه‌نده‌لی و هه‌بوونی نادادپەروەری کۆمەڵایەتی و کوشتوکوشتاردا به‌رپرسیاربوون و بگره خۆشیان گه‌نده‌ڵبوون و هەن.
سێیەم: ئه‌م لیستە یا لایەنە پارلەمانییە، پێگه و هێزی هه‌ر له شاری سلێمانی و شارۆچكه و دێهاته‌كانی دەوروبەریدایە، كه‌مێكیش له كه‌ركووكدا هه‌ن، له شاره‌كانی وه‌كو هه‌ولێر و دهۆك و شارۆچكه‌كانی دیکەدا كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی پارتیدان یا هه‌ر نین یا زۆر زۆر لاوازن. دیاره ئه‌مه‌ش هۆی سه‌ره‌كی خۆی هه‌یه، كه هه‌ره سه‌ره‌كیه‌كه‌یان ده‌سه‌ڵاتی پارتییه، كه ده‌سه‌ڵاتێكی دڕنده و خێڵه‌كییه ڕێگره له هه‌بوونی هه‌موو ده‌نگێك و ڕه‌نگێكی جیاواز، هاوکات سەرانی ئەو لیستەی کە بەنێوی ئەو بزووتنەوە دروستبوون، ناوچەگەرن.
چوارەم: ئه‌م لیستە سەراپای كه‌یسه‌كه‌ی له‌سه‌ر گه‌نده‌ڵی دروست کردووە و بۆ به‌ڕێوه‌بەرایەتی کۆمەڵگەی كوردی هیچ ئەلتەرناتیڤێکی جیاوای نییه. وه‌كو ئێوه‌ش ده‌زانن، گه‌نده‌ڵی كه‌یس نییه و به گۆڕینی ده‌موچاوه‌كان و ده‌ستاوده‌ستكردن به ده‌سه‌ڵات، گه‌نده‌ڵی بنه‌بڕ ناكرێت. گه‌نده‌ڵی خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندییه‌كه كه به‌ته‌واوی به شێوازی ده‌سه‌ڵات (شێوەی بەڕێوەبەرایەتی) و پێکهاتەی کۆمەڵگە كه له‌سه‌ر بناخه‌ی خاوەندارییەتی تایبه‌تی و شێوازی کرێگرتەیی به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌یه گرێدراوه‌ته‌وه، كه هه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌ش له خزمه‌تی سوود و قازانج و كه‌ڵه‌كه‌كردنی پاره و سه‌رمایه‌داریدان.
به‌دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێین كه ئه‌م ئۆپۆزسیۆنە پارلەمانییەی کە بەناوی بزووتنەوە ناڕازییەکەوە قسە دەکات و خۆی نیشاندەدات، كارایی له‌سه‌ر بارودۆخه ڕامیاریه‌كه ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌مه واتای ئه‌وه نییه، كه كارایی سه‌ره‌كی له سه‌ر کۆمەڵگەكه و بار و ژیانی تاكی ناو کۆمەڵگەكهوه ده‌بێت.
پێنجەم: لە ڕووی ئابووری و پلانی ڕێکخستنی ژێرخانی ئابوورییەوە، لە بەرامبەر پلان و پرۆسێسی پارتییکردنی کەرتە گشتییەکان، تەنیا داوای بەشی زیاتر دەکەن و هیچ پلان و ئەڵتەرناتیڤێکیان دژ بەو ڕەوتە نییە، ئەوەش لەبەرئەوەی کە ئەوانیش وەك پارتە دەسەلاتدارەکان پاڵپشتی پرۆسێسی تایبەتکردنەوەی کەرتە گشتییەکانن، کە هێنانەدی خاڵی سەرەکی پیادەکردنی پلانە ئابوورییەکانی نیئۆلیبرالیزمە لە ناوچەکەدا. بە ئاشکرا لە راگەیاندنی ئەو لیستەدا و لێدوانەکانی سەردەمی دەنگدانەکاندا دەردەکەوێت، کە لۆمەی کەم بەشی کۆمپانییەکەیان “کۆمپانیای وشە”یە، لەچاو چەپاوڵ و بەشەتالانی کۆمپانییەکانی “نۆکان – هی یەکێتی” و “کۆڕەك – هی پارتی” و زۆرێکی دیکە.
شەشەم: لە ڕووی ڕامیارییەوە، هیچ لارییەکانیان لە وابەستەیی هەرێمی کوردستان و عیراق چ وەك وڵات و چ وەك بەرێوەبەرایەتی بۆ ئەمەریکا و بریتانیا و هاوپەیمانیان نییە و بەڵکو زیاتریش پێ لەسەر خاتەرجەمی داگیرگەران دادەگرنەوە، هیچ ڕەخنە و گلەییەکیان لە پلانە ئابووریی و سەربازیی و ڕامیاریی نیئۆلیبرالەکان لە ناوچەکەدا نییە.
حەوتەم: لە ڕووی سیستەمی بەرێوەبەرایەتی و کارگێڕییەوە، زیاتر پێ لەسەر سیستەمی پارلەمانی و دێمۆکراتی نوێنەرایەتی و میرایەتی تەکنۆکراتەکان دادەگرن و تەکنۆکراتخوازییان، دەکرێت بە تەنیا جیاوازییان لەتەك پارتە دەسەڵاتدارەکان دابنرێت.
هەشتەم: لە ڕووی پەروەردە و فێرکردنەوە، لە باشترین باردا ئەوەیان دەوێت، کە ئەمڕۆکە لە ئەوروپا هەیە و ئەوەی کە کەوتووەتە بەر ناڕەزایەتی خوێنداکاران و کۆمەڵگە. ئەوان نەك خوازیاری سیستەمی ئازادیخوزانەی پەروەردە و خوێندن نین، بەڵکو هەردەم دەستخۆشی و خۆشبینی خۆیان بۆ پارەییکردنی خوێندن دەردەبڕن.
نۆهەم: لە بواری بیمەی دەرمانی و خزمەتگوزاری گشتی و بوژانەوەی کەرتی کوشتوکاڵیییەوە، هیچ لارییەکانیان لە پلانەکانی نیئۆلیبرلەکان لە عیراقدا نییە و زۆر شتی دیکەش..
ئەگەر ئەم لیستە و هاوپەیمانەکانی زۆر دڵسۆزانە بە بەڵێن و پاگەندەکانیان ڕاوەستن، هەرچەندە تائیستا هەر پێچەوانەکەمان دیتووە، ده‌شێت گۆڕانكاری ڕواڵەتی ڕوبدات، گه‌نده‌ڵی یاسایی بكات، له هه‌ندێك شوێندا خه‌ڵكی كارامه له پایه و پله‌كاندا دا بنێت، ده‌ستدرێژی پارته‌كان له ده‌وڵه‌ت، واته تهدهخولكردنیان، كورت بكاته‌وه، جۆرێك له ئازادی لیبراڵیانه هه‌بێت و دروست بكات. واته له‌وپه‌ڕی باردا ڕه‌نگه نزیك بێته‌وه له‌وه‌ی كه له‌م کۆمەڵگە "سڤیلیانەی" ئه‌وروپادا، ده‌بینرێت. به‌ڵام كرۆكی پرسەکە بناخەییەكانی وه‌كو نادادپەروەری كۆمه‌ڵایه‌تی و دابه‌شبوونی کۆمەڵگە به‌سەر دارا و نەداری زۆر دیار و هه‌ژاری و ده‌وڵه‌مه‌ندی لە رادەبەدەر، هه‌بوونی بیرۆكراسی و بەرتەریدان بە به‌شێك كه له سه‌ره‌وه‌ی کۆمەڵگەوەن، كردنه‌وه‌ی لەوە زیاتری دەرگەی کوردستان بۆ به‌خێرهاتنکردنی بازاڕی ئازاد و وێرانكردنی ژینگه و گه‌لێكی دیکە، وه‌كو وتمان ئەمە كرۆكی کۆمەڵگە و فەرمانرەوایانی ئاینده ده‌بێت، له‌كاتی سه‌ركه‌وتنی لیستی ناوبرادا.
سه‌باره‌ت به‌و گۆڕانكاریانه‌ی كه له به‌شه‌كانی دیکەی خۆرهەڵاتی ناوه‌ڕاستدا ڕوویانداوە؛ گه‌رچی ئێمه هاوپشتیمان لێ کردوون و پەیامی ده‌ستخۆشیمان بۆ خه‌ڵكی ئه‌و وڵاتانه ناردووە و بەردەوام دەنێرین، به‌ڵام ئێمه پێمانوایه كه ته‌نها سه‌رخانی کۆمەڵگەكه گۆڕاوه و ده‌گۆڕیت، ئهوانەشی كه دەسەلات ده‌گرنه‌ده‌ست، له فەرمانڕەوایانی یا ڕژێمه‌كانی پێشووتر باشتر نابن، به‌تایبه‌ت له داهاتوودا خزمه‌تی مانه‌وه‌ی ئه‌م سیسته‌مه، کە سیسته‌می سەرمایەدارییە، باشتر ده‌كه‌ن.
ئێمه له‌م باره‌یه‌وه ده‌توانین زۆر بدوێین به هەژماریش قسه بكه‌ین، به‌ڵام نه پرسیاره‌كه‌ی ئێوه ئه‌وه‌یه و نه لێره‌شدا کارێکی وا بواری تێروتەسەلی دەبێت.
* دەقی ئینگلیزی هەڤپەیڤینەکە بۆ بڵاوکراوەی ( zine ) ئامادە کراوە و هاوکات لە مانگنامەی ئەنارکۆ- پاسیفیستەکانی ئاڵمان( German anarcho-pacifist action group )
( - Graswurzelrevolution http://www.graswurzel.net)دا کە بە زمانی ئاڵمانی دەردەچێت، هەروا لە بڵاوکراوەی (Imminent Rebellion, an anarchist journal from here in Aotearoa/New Zealand http://www.rebelpress.org.nz/publications/imminent-rebe...on-11)، لە پێگە ئینتەرنێتییەکانی (http://libcom.org) و (http://anarkismo.net) و (http://www.ainfos.ca) و پەرتووکی (Von Jakarta bis Johannesburg) بڵاو دەکرێتەوە، لەسەر خواست و ڕەزامەندی خاتوو بریگیت ئێمەش لە سەکۆی ئەنارکیستانی کوردستاندا دەقە کوردییەکەی بڵاوی دەکەینەوە.
** خاتوو بریگیت لەبارەی گەشتەکەیەوە بۆ کوردستان دەڵێت “لەبەر دوو هۆ حەزم دەکرد بچمە کوردستان، یەکەم خەباتی کوردی زۆر سەرنجی رادەکێشام و دەمویست راستەوخۆ لەبارەیەوە زانیاریم هەبێت و ڕێگەی راستەخۆ بۆ هاوپشتیم بۆی بدۆزمەوە. ئەم گرنگییە لە زۆر لاوە هاتووە. من هەمیشە خەباتی خۆرهەڵاتی ناوەراست و خۆراوای ئاسیا بەلامەوە گرنگ بووە و هەوڵم داوە کوردی فێر ببم و هاوکات لە بارەی فەلەستینەوە زانیاری بەدەست بهێنم و بەم جۆرە بۆ ماوەیەکی زۆر لە خەیاڵی ئەوەدا بووم و دەمویست بڕۆم. هەروەها لەبەرئەوەی لە دەستەی هاوپشتی کۆچەراندا بەشدارم و لە نزیکەوە چاوم بە خەڵکی کورد دەکەوێت و لەم ڕێیەوە دەمزانی کە هەرێمی کوردستان لە ڕووی ڕامیاری کۆچبەرییەوە ڕەخنەی زۆری لەسەرە.
هۆی دووەم ئەوەیە، کە من زۆر پەیگیرانە گرنگی بە پاراستنی ژینگە و مافی ئاژەڵان دەدەم، کاتێك کە ئەو هەلەم بۆ ڕەخسا لە نزیکەوە ئاگاداری سروشتی عیراق بم، زۆر پەیگیر بووم لەسەر ئەوەی زانیاری زیاتر وەرگرم لەمەر خەباتی ژینگەپارێزی لە ئاستی ناجیهانی کیشوەریی باکووریی. هەروەها دەمەوێت بڵێم بەڕاستی ئەزموونێکی بەرچاو ڕۆشنگەر بوو بۆ من، ببینم کە ڕێکخراوە نامیرییەکان (NGOs) لە ناوەڕا چۆن کار دەکەن- دەتوانرێت بوترێت وەك ئەزموونێك مامەڵەی لەتەکدا دەکەم، لەبەرئەوەی کە من لە زۆر ڕووەوە ڕەخنەم لە یارمەتی پیشەسازی(NGO) هەیە.
هەروەها هیواداربووم کە لە ماوەدا کە لە کوردستانی عیراقدا بەسەری دەبەم، باشتر بتوانم لە خەرابکارییەکانی جەنگ لە عیراقدا و پاشکاراییەکانی کە لە باسکردن نایێن، تێبگەم و ئوسترالیا وڵاتێك کە تێیدا گەورەبووم و یارمەتییەکی گەورەی بە دەوڵەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە جەنگدا کردووە، لەبەرئەوە ئەرکی سەرشانمە بەو ڕادەی کە دەتوانم لە بارەی زیان و وێرانگەری ئەو وڵاتە بە هۆی بەشداری ولاتەکەمەوە بەسەری هاتووە، بۆ کەسانی دیکە بگێڕمەوە.
*** ئەم هەڤپەیڤینە لە سەرەتای مانگی ئەپڕیڵدا ئەنجام دراوە و بارودۆخی ناوچەکە و وڵاتی سوریە گۆرانی بەسەردا هاتووە.
http://anarchistan.co.cc
http://anarkistan.tk
http://anarchistan.tk
http://facebook.com/anarkistan
http://twitter.com//anarkistan
e-mail: anarkistan at activist dot com
This page can be viewed in English Italiano Deutsch |
Sorry, no stories matched your search, maybe try again with different settings.
Sorry, no press releases matched your search, maybe try again with different settings.
|